ئاشنا عه‌بدوڵا: دۆخی‌ خوێندنی‌ باڵا و وه‌زاره‌تی‌ خوێندنی‌ باڵا له‌ ئاستێكی‌ خراپدایه‌

17/06/2021

په‌رله‌مانتارێكی‌ گۆڕان باس له‌ ده‌ستێوه‌ردانی‌ حیزبی‌ ده‌كات له‌ شێواز و میكانیزمی‌ دانانی‌ سه‌رۆكی‌ زانكۆكان له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و ده‌ڵێت: دۆخی‌ خوێندنی‌ باڵا و وه‌زاره‌تی‌ خوێندنی‌ باڵا له‌ ئاستێكی‌ خراپدایه‌.

له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا كه‌ له‌ به‌رده‌م سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌ڕێوه‌چو، ئاشنا عه‌بدوڵا ئه‌ندامی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ناوه‌رۆكی‌ راپۆرتێكی‌ ئاشكرا كرد له‌باره‌ی‌ دۆخی‌ خوێندنی‌ باڵا و وه‌زاره‌تی‌ خوێندنی‌ باڵا ئاماده‌كراوه‌ و پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران و وه‌زیری‌ خوێندنی‌ باڵا و توێژنه‌وه‌ی‌ زانستی‌ كراوه‌.

له‌ كۆنگره‌كه‌دا ئاشنا عه‌بدوڵا رایگه‌یاند: دۆخی‌ خوێندنی‌ باڵا و وه‌زاره‌تی‌ خوێندنی‌ باڵا له‌ ئاستێكی‌ خراپدایه‌ له‌ڕوی‌ كارگێڕی‌ و پێشێلكردنی‌ یاسا و نه‌بونی‌ یاسایه‌كی‌ گشتگیر به‌تایبه‌ت له‌ دانانی‌ سه‌رۆكی‌ زانكۆكاندا. ئێمه‌ ته‌ركیزمان له‌سه‌ر پێشێلكردنی‌ یاسای‌ ژماره‌ 10ی‌ ساڵی‌ 2008ی‌ وه‌زاره‌تی‌ خوێندنی‌ باڵایه‌، له‌م یاسایه‌دا مه‌رج و رێكاری‌ دانانی‌ سه‌رۆكی‌ زانكۆكان ئاماژه‌یان پێكراوه‌، به‌ڵام له‌ پراكتیكدا ئه‌وه‌ی‌ ده‌بینرێت پێشێلی‌ یاساكه‌یه‌.
وتیشی‌: له‌ هه‌ریمی‌ كوردستان، زانكۆكان به‌و كه‌سانه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێن كه‌ ماوه‌ی‌ یاساییان به‌سه‌ر چوه‌ یان به‌ وه‌كاله‌ت بڕێوه‌ی‌ ده‌به‌ن و مه‌رجه‌ یاساییه‌كانیان تێدا نیه‌، ناكرێت له‌كۆی‌ 18 زانكۆ و هاوتای‌ زانكۆی‌ ته‌نها 2 سه‌رۆكی‌ زانكۆ مه‌رجه‌ یاساییه‌كانیان تێدا بێت، ناكرێت سه‌رۆكی‌ زانكۆ هه‌یه‌ له‌و كاته‌ی‌ كه‌ بون به‌ سه‌رۆك هیچ مه‌رجێكیان تێدا نه‌بوه‌ و له‌ 2009وه‌ تاوه‌كو ئێستا به‌ نایاسایی‌ به‌رده‌وامن له‌ سه‌رۆكایه‌تیكردنی‌ زانكۆكان.  پێویسته‌ ده‌رفه‌تی‌ یه‌كسان بدرێت به‌و كه‌سانه‌ی‌ پسپۆڕیتییان گونجاوه‌.

وتیشی‌: پێویسته‌ وه‌زیری‌ خوێندنی‌ باڵا كێبڕكێی‌ یه‌كسان له‌نێوان كاندیدان بۆ سه‌رۆكی‌ زانكۆكان رابگه‌یه‌نێت و ته‌نها كه‌سانی‌ حیزبی‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و پۆستانه‌ دانه‌نرێت و سه‌روه‌ریی‌ ته‌واو بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ زانكۆكان و كۆتایی‌ به‌م پێشێلكارییانه‌ بهێنرێت.


هەواڵی زیاتر