فراکسیۆنەکانی گۆڕان و یەکێتی لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: هاوپەیمانی کوردستان پێگەی کورد بەهێز دەکات
22/06/2021
فراکسیۆنەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێکهێنانی هاوپەیمانی کوردستان لە نێوان گۆڕان و یەکێتیدا بە سەرەتای قۆناغێکی سیاسی نوێ وەسف دەکەن، راشیدەگەیەنن پێکهێنانی ئەو هاوپەیمانێتیە پێگەی کورد لە بەغدا و هەرێمیش بەهێزتر دەکات.
لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا فراکسیۆنەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایانگەیاندوە، بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی وەک هەستکردن بە بەرپرسیارێتی سیاسی و مێژویی هەستان بە پێکهێنانی هاوپەیمانی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە ئەم یەک لیستیە پێگەی کورد هەم لەبەغدا و هەم لەهەرێم بەهێزتر وسەنگینتر دەکات.
ئاماژەیان بۆئەوەشکردوە، کە پێکهینانی ئەو هاوپەیمانێتیە قۆناغێکی سیاسی نوێیە، ھیوای ئەوەشیان خواستوە کە بچێتە خزمەتی ھاوڵاتیانی کورستان و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک و ھەمو کێشەو گرفتەکان بکرێتە قوربانی خزمەتکردنی ھاوڵاتیان و خاکی ھەرێمی کوردستان.
دهقی بهیاننامهكه:
بەیاننامەی هاوبەشی فراکسیۆنەکانی (یەکێتی نیشتمانی و بزوتنەوەی گۆڕان) لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی
هاونیشتمانیانی ئازیزی هەرێمی کوردستان وەک دەزانن چەن ساڵێکە خەڵکی بەشمەینەتی هەرێم بەکۆمەڵێ قەیران و نەهامەتی جۆراوجۆرا تێپەڕی و تاکو ئێستاش بەشێک لەو بارودۆخە نالەبارانە بەردەوامە کەیەکێک لەوانە کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندە .
بۆیە ئەمڕۆ هەردوو حیزبی دیاری ناو گۆڕەپانی خەباتی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی وەک هەستکردن بە بەرپرسیارێتی سیاسی و مێژوویی هەستان بەپێکهێنانی هاوپەیمانیەک بەناوی هاوپەیمانی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق کەئەم یەک لیستیە پێگەی کورد هەم لەبەغداو هەم لەهەرێم بەهێزترو سەنگینتر دەکات بۆیە لێرەوە بەناوی هەردوو فراکسیۆنەکەوە پیرۆزبایی لەسەرجەم خەڵکی کوردستان دەکەین بۆ ئەم دەستکەوتە سیاسیەو داواکارین تەواوی دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانی کوردستان بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی داهاتوو بکەن کەهەموو دەزانین یەک لیستی بۆ کورد لەبەغدا زیاترو باشتر مافە ڕەواکانی کورد مسۆگەر دەکات .
ھیوای سەرکەوتن بۆ ھاوپەیمانی کوردستان و ھیوای پابەندبوونی ھەردوولا بە وردەکاریەکانی ڕێکەوتنەکە دەخوازین .
دیارە ئەمە قۆناغێکی سیاسی نوێیە بەھیواین بچێتە خزمەتی ھاوڵاتیانی کورستان و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک.
ھیوادارین ھەموو ئەو کێشەو گرفتانەی کەهەبوون بکرێتە قوربانی خزمەتکردنی ھاوڵاتیان و خاکی ھەرێمی کوردستان ، دەست لەدەست پێکەوە دەسپێکێکی نوێی کاری هاوبەشی خزمەتگوزاری و گەڕانەوەی ئومێدو هیوا بۆ خەڵکی بەشمەینەتی ئەم هەرێمە بێتە ئاراوە.
فراکسیۆنەکانی (بزوتنەوەی گۆڕان) و (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی
٢٠١٢/٦/٢١
سلێمانی