د. سەردار عەزیز: گۆڕان بەها و رەونەقی هێزە تەقلیدییەکانی کۆتایی پێهێنا

24/07/2021

د. سەردار عەزیز، رایدەگەیەنێت؛ گۆڕان خوازیاری ئەوەبو کۆتایی بە نەریتێکی سیاسی کوردی بهێنێت کە چەک و هێزی دەرەکی و یەکتر سڕینەوە و شەڕی ناوخۆ دارێژەری بنەماکانی بون، ئامانجی ئەوەبو جومگەکانی ئابوری و دارایی و دیپلۆماسی ئازاد بکرێن و لە قۆرغکاری رزگاربکرێن. گۆڕان کوردستانی پاراست لە ئەو دۆخەی کە بەهاری عەرەبی لە زۆر وڵاتی ناوچەکە دروستی کرد و بەها و رەونەقی هێزە تەقلیدییەکانی کۆتایی پێهێنا.

د. سەردار عەزیز، نوسەر و روناکبیر، لە وتارێکدا هەڵسەنگاندن بۆ (١٢) ساڵى رابردوى بزوتنەوەى گۆڕان دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە زیاتر لە دەیەیەک لەمەوپێش روداوێکی سیاسی گرنگ لە مێژوی سیاسی کورددا رویدا. هاتنە ئارای هێزێکی نوێ، جیاواز لە هەمو هێزەکانی تری پێشو لە مێژوی کورددا. گۆڕان لە چەندین ئاستدا جیاوازبو لە هێزەکانی تری کوردی لە مێژودا.

نوسەر بە چەند خاڵێک شیکارى (١٢) ساڵى رابردوى بزوتنەوەکە دەکات و ئەوە دەخاتەڕو کە؛ هێزێکی کوردی بو، بەو مانایە لەناو ژینگەی کۆمەڵگای کوردییەوە سەرچاوەی گرتبو بۆ گۆڕانکاریی و چارەسەری پرسی کورد بو. ئەم فۆکەسە لە سەر کوردبونی ئەم هێزە، جودای دەکاتەوە لە هێزەکانی تر کە لە ڕێگای ئایدەلۆژی و باوەڕ و جیوپۆلەتیکیەوە پەیوەندییان بە دەرەوەی کوردستان هەیە. ئەم پەیوەندییە هەمیشە لە قاڵبی داون و ئاراستەیان دەکات، بە جۆرێک لە بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگای کوردییان دادەبڕێت.

هەروەک رونى دەکاتەوە کە؛ گۆڕان خوازیاری ئەوەبو کۆتایی بە نەریتێکی سیاسی کوردی بهێنێت کە چەک و هێزی دەرەکی و یەکتر سڕینەوە و شەڕی ناوخۆ دارێژەری بنەماکانی بون، نەک خەڵک و داخوازیی و خزمەتگوزاریی و بونی جیاوازی و دەستاودەست و ئایدیا. جگە لەوە لە هەناوی هێزە کوردییە تەقلیدییەکاندا حوکمداری یانی دەستگرتن بە سەر سەرتاپا جومگەکانی ئابوری و دارایی و دیپلۆماسی، گۆڕان ئامانجی ئەوەبو ئەم بوارانە ئازاد بکرێن و لە قۆرغکاری ڕزگاربکرێن و بوارێکی وەک دیپلۆماسی بکرێت بە بواری حکومەت نەک دەستەبژێری حیزب.

هاوکات ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە گۆڕان بڕوای بە "بونیادنانی دەوڵەت هەبو، دەوڵەت نەک، تەنها، بە مانای راگەیاندنی دەوڵەت؛ حوکمداریی دەوڵەتیی: دروستکردنی سوپایەک بۆ پاراستنی کوردستان، نەک هێزی چەکداری سەر بە کەسە سیاسییەکان. دورخستنەوەی چەک لە سیاسەت، تەنها پرسێکی سەربازی نیە، بەڵکو لە ئەمرۆی کوردستاندا پرسێکی ئابوری و حوکمڕانی و پەرتەوازەییە. لە هەمانکاتدا هەمیشە حوکمی چەک بە ناشەرعی دەمێنێتەوە. جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و پێدانی دەسەڵاتی تەواو پێیان. هەبونی چاودێر بە سەر حکومەتەوە. بە دیموکراسی کردنی پۆستی حکومی و ئیداریی".

د. سەردار عەزیز لە نوسینەکەسدا ئەوە بیردەهێنێتەوە کە گۆڕان بەرهەمێنی ئایدیای نوێ بو بۆ حکومداریی و سودی دەبینی لە ئەو ئایدیانەی کە لە ناو کایەی رۆشنبیری کۆمەڵگادا بەرهەم دەهات، "دیارە بێگومان ئەمانە ئایدیالن. هێنانە ئارایان کارێکی خێرا و ئاسان نابێت، بەڵام لە واقیعیدا گۆڕان کوردستانی پاراست لە ئەو دۆخەی کە بەهاری عەرەبی لە زۆر وڵاتی ناوچەکە دروستی کرد. خەڵکی کردە یەکەیەکی سەرەکی لە سیاسەتی کوردستاندا و بەها و رەونەقی هێزە تەقلیدییەکانی کۆتایی پێهێنا".

ئەو بڕوایانەى بزوتنەوەکە بە هۆکاری دژایەتیکردنى نەیار و دوژمن و رکابەرەکانى لەقەڵەم دەدات بەوەى "هەوڵبدرێت لە ناوەوە و دەرەوە فشاری بخرێتە سەر، هاوشێوە بکرێت، بەها سیمبولییەکان و ئایدیالەکانی لێوەربگیرێتەوە. هەوڵی دوبارەکردنەوەی بدرێت. لە هەمانکاتدا بۆ ئاوڕدانەوە و هەڵسەنگاندی بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت جیاکاری بکەین لە نێوان، گۆڕان وەک دید و ئایدیا، گۆڕان وەک جەماوەر، هەروەها گۆڕان وەک نوخبەیەکی سیاسی. کاتێک ١٢ ساڵ لە مەوپێش گۆڕان وەک بزوتنەوەیەک و وەک دیدێک بۆ داهاتو هاتە ئاراوە، توانی لە گەڵ زۆرینەی خەڵکی کوردستاندا بدوێت. بەڵام ئەم دروستکردنی زمانی نوێی سیاسی مەرج نیە لە لایەن ئەو زۆرینەوە بە یەک شێوە پێشوازی لێبکرێت."

لە کاتێکدا خواستی هەنوکەیی و ڕۆژانەی خەڵک هەیە، بەڵام لە هەمانکاتدا پرۆسە و دۆخێکی مێژوی یان کۆمەڵایەتی و سیاسی هەیە کە دەبێت بگۆڕێت. پێکەوەگرێدانی ئەم دوانە، هونەری سیاسەتکردنە. دۆخی هەنوکەیی خەڵک لە دواکارییەکانی وەک دادپەروەری، شەفافیەت، حکومەتێکی نزیک لە خەڵک بون. بەڵام فەراهەمکردنی ئەمانە تەنها لەوەدا نەبو کە ئەم داواکارییانە جبەجێبکرێت، بەڵکو پێویستی بە گۆڕانی ڕیشەیی پرۆسەی حوکمڕانی هەبو لە کوردستان.
ئەمە بنەمای ئەو بەریەککەوتنەبو لە گەڵ دژە گۆرانەکاندا دروست بو. وەک چۆن شۆرش هەمیشە دژە شۆرشی خۆی بەرهەم دەهێنێت، فشار بۆ گۆڕانکارییش دژە گۆڕانکاریش بەرهەم دەهێنت. ئەوەی سیاسەتی کوردی پێویستی پێیەتی دابرانە لە ئەو بنەمایانەی کە ڕێگرن لەوەی کە حوکمداریی بە شێوەیەکی سەردەمیانە بکرێت. گۆڕان فشاری دەکرد بۆ بەرجەستەکردنی ئەم خواستە.

لە کۆتاییدا دەنوسێت: ئێستا گۆڕان چەند ئەزمونێکی هەیە، دەتوانێت سودیا لێوەربگرێت بۆ پلانی داهاتوی خۆی. گۆڕان هەمیشە دەبێت خۆی وەها ببینێت کە چۆن جودابێت لە ئەوانی تر. نەبێت بە هێزێک بۆ ئەجیندای شەخسی هیچ کەسێك، ململانێی ناوەکی وەها ڕێکبخات کە بەهێزی بکات نەک پەرتی بکات. بۆ ئەنجامدانی ئەمانە گۆڕان پێویستی بە ئەوە هەیە کە ڕەخنەییانە ئاور لە خۆی بداتەوە، ئەو بوارانە دەستنیشان بکات کە وەهای لێکردوە لە هێزەکانی تر بچێت.
جاران نەوشیروان مستەفا بە هۆی کەسایەتییەوە دەیتوانی ئایدیاکان وەربگرێت و تەرجەمەیان بکات بۆ سیاسەت. پاش ئەو ئەم بوارە پەکی کەوت. قەیرانی کاریزما ئەوەیە کە دوبارە نابێتەوە.


هەواڵی زیاتر