دلێر حسێن: ئەنجومەنەکان گیرۆدەى دەستى ئەوەن کە حکومەت نە گوێ دەگرێت نە بەدەم داواکارییەکانمانەوە دێت
25/10/2021
سەرۆکى
فراکسیۆنى گۆڕان لە ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر رایدەگەیەنێت؛ جگە لەوەى دەسەڵاتداران لەرێگەى حکومەتى هەرێمەوە لە چەند ساڵى
رابردودا بە پیادەکردنى دەستەمۆکردنى هاوڵاتیان بەوەى بیانکاتە موچەخۆر، زیانى گەورەى
لە خودى هاوڵاتیان و کەرتى کشتوکاڵ و پیشەسازیش داوە، ئەو گەندەڵییانەى بە بەرنامە
کردویانە مەترسى لەسەر کیانى هەرێمى کوردستان دروستکردوە.
دلێر
حسێن سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر، ئاماژە بەوە دەکات کە
هەرێمى کوردستان ساماێکى زۆرى هەیە و دەوڵەمەندە بە سامانى سەرزەوى و ژێر زەوى، بەڵام
هاوڵاتییەکانى هەژار و کەم دەرامەتن، ئەوەش بەهۆى سیاسەتى هەڵە و بە ئەنقەستى دەسەڵاتدارانەوە،
چونکە حکومەتى هەرێم لەسەرەتاى دامەزراندیەوە تا ئیستا لەسەرجەم بوارەکاندا بێ بەرنامە
بوە بەو مانایەى بەرنامەى دورمەوداى نەبوە بۆ دابینکردنى خزمەتگوزارى و پێداویستیە
سەرەتاییەکانى هاوڵاتیان و تەنانەت زۆرێک لەو کێشانە رۆژانە و ساڵانە کەڵەکە بون و
خەڵک باجەکەى دەدات، نەتوانراوە وەک پێویست و بە پلانێکى تۆکمە مامەڵە لەگەڵ سوتەمەنى
و سامانى سروشتیی بکات.
سەرۆکى
فراکسیۆنى گۆڕان لە ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر دەڵێت: حکومەتى هەرێم بە بەرنامەیەکى
دیکتاتۆرى هاتوە و وا کارى کردوە تاک دەستەمۆ بکات و بیکاتە موچە خۆرى خۆى بە موچەیەکى
کەم نەک بیکاتە تاکى بەرهەم هێن، ئەو موچەیەشیان وەک پێویست ناداتێ لەکاتێکدا دەبو
کارکردنى پێچەوانە بوایە و دێهاتەکان ببوژێننەوە و بە پاڵپشتییەکى کەم بوارى پیشەسازى
و کشتوکاڵى ببوژێنرێتەوە، حکومەت بەرنامەى دورمەوداى نییە و گەندەڵى مەترسى لەسەر
کیانى هەرێمى کوردستان دروستکردوە.
لەبارەى
کارى ئەنجومەنى پارێزگاکانیشەوە دەڵێت: ئەنجومەنەکان گیرۆدەى دەستى ئەو کێشەیەن کە
حکومەت نە گوێ دەگرێت نە بەدەم داواکارییەکانمانەوە دێت نە وەڵامدەرەوەى خواستى
هاوڵاتیانە.