دەقى کۆنگرەى رۆژنامەوانیی فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان
27/10/2021
فراکسیۆنى
گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا جەخت لە پێویستى
بەدەمەوچونى داواکارى مامۆستایانى وانەبێژ و هاوڵاتیان لە هەرزانکردنى نرخى
سوتەمەنى و دابینکردنى خزمەتگوزارییەکان دەکاتەوە و ..
گوڵستان
سەعید سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان بە ئامادەبونى پەرلەمانتارانى فراکسیۆنەکە لە
کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: پەیامی بزوتنەوەی گۆڕان لە رێگەی فراکسیۆنی
گۆڕانەوە دەگەیەنین بە رای گشتی خەڵکی کوردستان، سەبارەت بە بەئاگاهێنانەوەی
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بەڕێوەبردن و بە سیستەمکردنی
دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان کە خەڵکی کوردستان لە بەردەم قورسایی و گرانییەکی باری
بژێوی و نەبونی خزمەتگوزاری و کۆچی گەنجاندان و هەمو چینوتوێژەکان دەناڵێنن.
وتیشى:
دامەزراندنى مامۆستایانی وانەبێژ، خۆبەخشان، گرێبەستەکان، دەرچوانی زانکۆ و
پەیمانگاکان، دابەزاندنى نرخی خۆراک و سوتەمەنی لە هەرێمی کورستان ئەمانە هەموی
مافی ئاسایی و یاسایی خەڵکی کوردستانە، " حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ٧ ساڵی
ڕابردودا نەیتوانیوە یاسای بودجە بنێرێتە پەرلەمان، کە لە خاڵە گشتییەکانی حکومەتی
هەرێمی کوردستان بۆخۆی ئاماژەی داوە کە هەنگاوی شەفافیەت دەنێت بە ئاڕاستەی ئەوەی
کە یاسای بودجە بهێنێتە پەرلەمانی کوردستان، بۆیە ئێمە بەناوی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی
گۆڕانەوە جەخت دەکەینەوە لەوەی کە ئەبێت یاسای بودجە بێتە هەرێمی کوردستان، داهات لە
هەرێمی کوردستان ڕون و شەفاف بێت لەبەردەم نوێنەرانی خەڵکی کوردستان".
ئاماژەى
بەوەشکرد لە سەردەمێک نرخى نەوت سفر بوە، ئێستا نەوت ٨٥ دۆلارە، لەسەردەمێک نرخی
دۆلار ١٢٠ هەزار دینار بوە، ئێستا ١٥٠ هەزار دینارە، ئێمە دەپرسین ئایا زیادەی ئەم
داهاتە لە کوێی هەرێمی کوردستانە؟، بۆ چ مەبەستێک و بۆ کێ خەرج دەکرێت، لە گیرفانی
چ بەرپرسێکی حکومی هەرێمی کوردستاندایە، لە گیرفانی چ بەرپرسێکی حزبی هەرێمی
کوردستاندایە وێرای ئەوەی کە کۆمپانیا حزبییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێکی
زۆری لە ئەرکەکانی خۆی ڕادەستی ئەو کۆمپانیا ئەهلییانە کردوە کە گیرفانی
هاوڵاتیانیان هەڵتەکاندوە، وە هاوڵاتیان دەرەقەتی ئەو قورسایی و ئەو گرانی و ئەو
نەهامەتییە نایەن، "بۆیە ئێمە جەخت دەکەینەوە بەڵێن بە خەڵکی کوردستان دەدەین
کە ئێمە وەکو فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان پابەندین بە هەمو بەرنامەکانی بزوتنەوەی
گۆڕانەوە، چۆن لە سەرەتاوە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خەڵكی کوردستانمان کردوە بەڵێن
بە خوا و بە خەڵکی کوردستان دەدەین ئەو نوێنەرە راستەقینەیە بین کە لە رابردو نوێنەرایەتیمان
کردوە و هەرگیز مساوەمەمان لەسەر مافەکانی خەڵکی کوردستان نەکردوە، بۆیە حکومەت بە
ئاگا ئەهێنینەوە دەبێت ئەرکەکانی خۆی وەکو حکومەتێکی سیستەماتیک لە ڕوی دابینکردنی
موچەوە لە ڕوی دامەزراندنەوە لە ڕوی بەدیهێنانی خزمەتگوزارییەکان بۆ خەڵکی
کوردستان لە ئاوی پاک لە دابینکردنی کارەبا لە هەرزانی نرخی سوتەمەنی، ئێمە
پاڵاوگەکانمان خراوەتەوە خزمەتی نەوتی باشورەوە، لێرە نەوت دەپاڵێون و بەنزین بە
هەرزانی دەچێتەوە باشوری عێراق، ئەی خەڵکی کوردستان ئەم گرانییەی بەنزین چۆن قبوڵ
بکات، ئێمە لە جیاتی ئەوەی بینا بەرزەکان لەم هەرێمەدا بە ئاسمانا دەبرێت، دەبێت
حکومەت بیر لەوە بکاتەوە پاڵاوگە دروست بکات، نەوتی خۆماڵی خۆمان بپاڵێون، وە
بتوانن نرخی سوتەمەنی بەمە داببەزێنن".
هەروەک
جەختى کردەوە لەوەى ٢٠٠ ملیاری مانگانەى بەغدا هیچ بەهانەیەک نیە بۆ ئەوەی حکومەتی
هەرێمی کوردستان موچە پێدان بکاتە مژدانە، هەر توێژێک چاوەرێ بێت چ ڕۆژێک سەرەی
دێت لە ١٠ ڕۆژدا موچەی هاوڵاتیان تەواو نابێت وێرای ئەوەی کە بەردەوام هەمو مانگێک
موچەکان لە کاتدا نادرێت و دوا دەکەوێت، وێرای ئەوەی بەرزە موچە و سەرە موچە چەند
ساڵە بۆ فەرمانبەران و موچەخۆران خەرج نەکراوە و کاتێک کە خانەنیشینش دەبن بۆیان
ئەژمار ناکرێت، ئەمانە هەموی گرفتی هاوڵاتیانە، بۆیە ئێمە جارێکی دیکە پەیامەکانیشمان
ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دەکەین کە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان
دەبێت بڕیار بدات لەو بەرنامەکارانەی لە کۆبونەوەکانی پەرلەماندا داخوازییەکانی
خەڵکی کوردستان بێت.
وتیشى:
ئێمە وەکو فراکسیۆنی گۆڕان گلەییمان زۆرە لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، ئێمە بە
هیچ جۆرێک ئاگامان لە دانانی بەرنامەی کار نییە.
سەرۆکى
فراکسیۆنى گۆڕان ئاماژەى بە سەردانى چەند رۆژى رابردودیان کرد بۆ بادینان و وتى: ئێمە
گیراوان، سزادراون، ئازادکراونمان بەسەرکردەوە، بۆمان دەرکەوت بە راستی ئەنجومەنی
دادوەریی ئەنجومەنێکە کە دەستێوەردانی حزبی هەیە تێیدا، بۆیە وەکو فراکسیۆنەکەمان
داوا لە پەرلەمانی کوردستان دەکەین یاسای ئەنجومەنی دادوەری یاسای داواکاری گشتی
دەبێت هەموار بکرێتەوە، بە سیستەم رێکبخرێت کە دەستێوەردانی حزبی لەو دو دەزگایە
کە دەزگای دادوەرییە دوربخرێتەوە، دەبێت ئەو دامەزراوانە بۆ خەڵکی کوردستان تێبکۆشن،
دەبێت مافەکانی خەڵکی کوردستان بپارێزن، بەڵام بەداخەوە بەو جۆرە نەبوە".
باسى
لەوەشکرد کە دەستەی چاودێری دارایى و دەستەی دەستپاکی ماوەی یاساییان بەسەرچوە،
پێویستە پەرلەمانی کوردستان ئەرکەکە بگرێتە ئەستۆی خۆی بۆ ئەوەی ئەو دەستانە
یاساکانیان نوێ بکرێتەوە بۆ ئەوەی ئاڵوگۆریان تێدا بکرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان
نابێ دەستێوەردانی هەبێت لە ئەرکەکانی پەرلەمان، پەرلەمان یەکێ لە ئەرکەکانی ئەرکی
چاودێرییە، دەبێت حکومەت دەرگاکانی واڵا بکات بەوەی کە پەرلەمانتاران بتوانن
لێپرسینەوە، بەدواداچون، ڕەخنە، ڕاپۆرت لەسەر کۆی سێکتەرەکانی حکومەتی هەرێمی
کوردستان بگرن، بۆ ئەوەی ئەدایەکی باشتری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خزمەتگوزاری
خەڵکی کوردستان بەدیبێت.
وتیشى:
جەخت دەکەینەوە لەسەر ئەوەی ئەرکی ئێمەی پەرلەمانتار چاودێریکردنی حکومەتی
کوردستانە، نابێت حکومەتی هەرێمی کوردستان پەرلەمان وا لێبکات کە دەستەمۆی بکات،
پەرلەمان سەربەخۆیی خۆی لە دەستبدات وە نەتوانێت ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات، ئێمە
داوا دەکەین پەرلەمانی کوردستان بەرنامەیەکی کاری خۆی ڕێکبخات بۆ خەمەکانی خەڵك وە
بۆ هێنانی کۆی وەزیرەکان بۆ پەرلەمان بە وەزیرەکانی ئێمەشەوە بۆ لێپرسینەوە لێیان،
بۆ بەدواداچون، بۆ هەڵسەنگاندنی ئەرک و ئیشەکانیان، بۆ ڕێکخستنەوەی کۆی ئەو
یاسایانەی کە ئەمرۆ بۆتە بارقورسی و گرانی بەسەر هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان وە
داوا دەکەین پەرلەمانی هەرێمی کوردستان یاسایەک بۆ باج ڕێکبخات کە لە بەرامبەر
سەندنی باج خزمەتگوزارییەکان بە خەڵكی کوردستان پێشکەش بکرێت".