ئاشنا عەبدوڵا: دەبێت کیشەى سەرجەم خوێندکارانى دەرچوى (12)ى ئامادەیى چارەسەر بکرێت

31/10/2021

پەرلەمانتارێکى گۆڕان دوپاتى دەکاتەوە؛ کێشەى دەرچوانى (12)ى ئامادەیى تەنها ئەوانە نین کە نمرەى بەرزیان هێناوە، بەڵکو کەمکردنەوەى کورسى حکومیى زوڵمێکە لە هەمویان کراوە، فشارەکانى ئێمەش بەردەوام دەبێت تا کێشەکانیان چارەسەر دەکرێن.

ئاشنا عەبدوڵا ئەندامى فراکسیۆنى گۆڕان لە لیژنەى پەروەردە و خوێنددنى باڵا لە پەرلەمانى کوردستان لەبارەى دواین پێشهات و فشارەکانیان بۆ چارەسەرى کێشەى خوێندکارانى دەرچوى (12)ى ئامادەیى بە سایتى فەرمى (گۆڕان)ى راگەیاند: هێشتا کێشەى خوێندکاران وەک خۆى ماوەتەوە، چونکە ئەمە تەنها پەیوەست نەبوە بەو خوێندکارانەى نمرەى بەرزیان هێناوە، بەڵکو پەیوەندى بە هەمو ئەو خوێندکارانەوە هەیە کە دەرچون و نمرەیان مامناوەند یان نزمیشە، ئەم زوڵمە لە هەمویان کراوە، چونکە لە ئەنجامى کەمکردنەوەى کورسى حکومى و زیادکردنى کورسى پارالێڵ، سەرجەمى خوێندکارانى دەرچوى 12ى ئامادەیى زەرەر مەندبون.

لەبارەى لێدوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا سەبارەت بەوە هۆکارى کێشەکان زیادبونى ژمارەى دەرچوانە، ئاشنا عەبدوڵا دەڵێت: لەسەر ئەو زانیاریانە بەدواداچونمان کردوە، بەڵام لاى خۆیانەوە وەزارەتى پەروەردە ئاماژە بەوە دەکەن کە بە پێچەوانەوە ئەمساڵ 50%ى خوێندکاران دەرچون و ژمارەى دەرچوان حەوت هەزار کەمترە لە ساڵانى رابردو، ژمارەى ئەوانەى نمرەى بەرزیشیان بەدەسهێناوە بەراورد بە ساڵانى رابردو ژمارەیەکى زۆر نییە.

پەرلەمانتارەکەى فراکسیۆنى گۆڕان جەخت دەکاتەوە کە لەسەرەتاى سەرهەڵدانى کێشەکەوە لەسەر هێڵ بون بۆ چارەسەرکردن و داکۆکى لە مافى خوێندکارانى 12ى ئامادەیى و دەڵێت: ئەوپەڕى فشارى خۆمان کردوە و کۆبونەوەشمان دەبێت لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا بۆ تاوتوێکردنى ئەو بابەتە و بڕیاردانى دروست لە بەرژەوەندى دەرچوان، پێمانوایە دەبێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت و نابێت بەهۆى هەڵە و کەموکوڕى وەزارەتى خوێندنى باڵاوە رەنجى 12 ساڵى خوێندکاران و کەسوکاریان بە فیڕۆ بچێت.

هەروەک ئەوەدەخاتەڕو کە باشترین چارەسەر، زیادکردنى کورسى زانکۆ حکومییەکانە بۆئەوەى ئەو خوێندکارانەى وەریش نەگیراون لە کورسى خۆڕایى سودمەند بن نەک ناچار بە خوێندنى پارە بکرێن.


هەواڵی زیاتر