د. محەمەد شوانى: ئەو کێبڕکێیەى لەسەر پۆستى سەرۆک کۆمار دەکرێت سەرەتایەکى هەڵەیە

26/01/2022


ئەندامێکى جڤاتى نیشتمانى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت: کێبڕکێ لەسەر پۆستى سەرۆک کۆمار لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە تواناکان پەرت دەکات جگە لەوەى هیچ لەو مافانە ناهێنێتە دى  کە خودى خۆیان لە بەڵێنەکانى هەڵبژاردندا داویانە و دەڵێت: ئەوەى ئێستا رودەدات سەرەتایەکى هەڵەیە، چونکە ململانێکان لەسەر پۆست بەسەر میللەتى کورددا بە خراپ دەشکێتەوە و سەربارى ئەوەش بەم عەقڵەیەتى یەکتر شکاندنەوە هیچ ئامادەکارییەکانمان نییە بۆ قۆناغى نوێ و ئەو گۆڕانکاریانەى رەنگە لە چەند ساڵى داهاتو لە عێراق و ناوچەکە روبدەن.

د. محەمەد شوانى، ئەندامى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان، ئاماژە بەوە دەکات خۆ سەرقاڵکردنى بەشێک لە لایەنە سیاسییە کوردییەکان بە پۆستەکانى بەغداوە، پەیوەندییان بە بەدەستهێنانى مافە دەستورییەکانى خەڵکى کوردستانەوە نییە و هەمیشە یەکڕیزنەبونى لایەنە سیاسییەکانى کورد وای کردوە وەک نەتەوە بە مافەکانمان نەگەین.

ئەو پێیوایە؛ کێبڕکێ لەسەر پۆستى سەرۆکایەتى کۆمار تواناکان پەرت دەکات جگە لەوەى هیچ لەو مافانە ناهێنێتە دى  کە خودى ئەو لایەن سیاسیانەى کێبڕکێى لەسەر دەکەن خۆیان لە بەڵێنەکانى هەڵبژاردندا داویانە"، سەربارى ئەوەش بەم عەقڵەیەتى یەکتر شکاندنەوە هیچ ئامادەکارییەکانمان نییە بۆ قۆناغى نوێ و ئەو ئەگەرانەى کە رەنگە لە چەند ساڵى داهاتو لە عێراق و ناوچەک روبدەن".

سەبارەت بە ئەگەرى پێکهێنانى حکومەتى زۆرینە و مافەکانى گەلى کورد لە داهاتودا، رێکخەرى ژورى ناوچە دابڕێنراوەکانى بزوتنەوەى گۆڕان دەڵێت: لە روى جیاوازى پێکهاتە و ئاینییەوە لە عێراق، حکومەتى زۆرینە ئەگەر لەسەر بنەماى سەپاندنى هێزى زۆرینە بێت مەترسى گەورەى هەیە و ئەگەرى هەیە سەر بکێشێت بۆ قۆناغێکى دیکەى دیکتاتۆرییەت و ماڵوێرانى بەسەر پێکهاتەکاندا  و بە خوێندنەوەى قۆناغەکانى رابردوش، گەشبین نیم بە رامبەر بەدیهێنانى خۆشگوزەرانى و سەقامگیرى لە ناوچە کێشە لەسەرەکان بە دروستبونى حکومەتى زۆرینە.

لەبارەى راگەیەندراوەکەى رۆژى رابردودى بزوتنەوەى گۆڕانەوە، ئەندامەکەى جڤاتى نیشتمانى دوپاتى دەکاتەوە ئەو ململانێیانەى ئێستا لسەر پۆستى سەرۆک کۆمار دەیبینین بۆ بەرژەوەندى حیزبییە نەک نەتەوەیى و نیشتمانى و دەشڵێت:ئەو کێبڕکێ توندە بەڵگەیە بۆ پێشبینى نەکردن بۆ روداوەکانى ئایندە، ئەوەى گۆڕان جیا دەکاتەوە لە لایەنەکانى دیکە پێشبینى کردنییەتى بو بۆ روداوەکانى ئایندە".


هەواڵی زیاتر