کاردۆ محەمەد: پێویستمان بە یاسایەکە لە خزمەت بەهێزکردنى پێگەى پەرلەمان و هەڵبژاردنێکى پاک و بێ گەرد و بێ کێشەدا بێت
14/02/2022
رێکخەرى ژورى پەرلەمانى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ لەگەڵ
ئەوەداین هەڵبژاردن لە وادەى خۆیدا ئەنجام بدرێت، بەڵام پێویستمان بە یاسایەکە کە لە
خزمەت بەهێزکردنى پێگەى پەرلەمان و هەڵبژاردنێکى پاک و بێ گەرد و بێ کێشەدا بێت.
دواى ئەوەى ئەمرۆ دوشەممە شاندێکى سەرۆکایەتى هەرێم سەردانى
بزوتنەوەى گۆڕانى کرد، لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیى هاوبەشدا دڵشاد شەهاب لەبارەى ئامانجى
کۆبونەوەکەوە وتى: لە ئێستادا گفتوگۆیەکى گەرم و کوڕ هەیە لەسەر هەڵبژاردنى
پەرلەمانى کوردستان لەو چوارچێوەیەدا سەردانى لایەنە سیاسییەکان دەکەین و بۆئەوەى
بزانین تا چ ئاستێک بتوانین هاریکار بین و زەمینە سازى بکرێت بۆ بەڕێوەچونى هەڵبژاردنەکان.
لاى خۆیەوە کاردۆ محەمەد، رێکخەرى ژورى پەرلەمانى
بزوتنەوەى گۆڕان رایگەیاند: ئامانجى سەردان و کۆبونەوەکە تاوتوێکردنى پرسى
هەڵبژاردن بو کە مۆرکى دەرستورى و رەهەندى نیشتیمانیشى هەیە، مەبدەئیەن لەسەر ئەوە
کۆ رابوین کە پێویستە بە گفتوگۆ و سازان بڕیار لەسەر هەڵبژاردن بدرێت لە هەرێمى
کوردستان کە سەرۆکایەتى هەرێم لە روى یاساییەوە پەیوەندیدارە بەوەى رۆژى
ئەنجامدانى دیارى بکات.
وتیشى: بزوتنەوەى گۆڕان بە پێویستى دەزانێت هەڵبژاردن لە
وادەى خۆى ئەنجام بدرێت، بەڵام پیویستیشە یاساى هەڵبژاردن لە خزمەت بەهێزکردنى
پەرلەمان و هەڵبژاردنێکى پاک و بێ گەرد و بێ کێشەدا بێت واتە یاساکە بەشێوەیەک بێت
کە هەم کەسانێک بچنە ناو پەرلەمان کە خاوەن بڕیارى سیاسى بن هەم لە روى
تایبەتمەندییەوە خەڵکێک بێتە پەرلەمان کە پسپۆڕییان هەبێت بۆئەوەى پەرلەمانێکى
بەهێز و کاریگەرمان هەبێت.
ئاماژەى بەوەشکرد کە لایەنى هونەریى پەیوەندى بە
دامەزراوە تایبەتمەندەکانەوە هەیە.
لەبارەى پرسى دەستوریشەوە وتی: دەستورێکى هاوچەرخ و
دیموکراتى بۆ هەرێمى کوردستان زەرورییە.