شاخەوان رەئوف بەگ: بەڵگەى جینۆسایدکردنى گەلی کورد-مان پێشکەشى پەرلەمانى ئەوروپا کرد

27/03/2022

ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى رایدەگەیەنێت؛ بەڵگەى جینۆسایدکردنى گەلی کورد-مان پێشکەشى پەرلەمانى ئەوروپا کرد بەمەبەستى داواکردنى پشتیوانى یەکێتی ئەوروپا بۆ ناساندن دۆسیەی جینۆسایدى گەلى کورد و دوبارەنەبونەوەی، بڕیارە شاندى فەرمى رەوانەى هەرێمى کوردستان بکەن.

شاخەوان رەئوف بەگ، پەرلەمانتارى فراکسیۆنى گۆڕان و ئەندامى لیژنەى شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەى ئامانجى سەردانى چەند رۆژى رابردویان بۆ پەرلەمانى ئەوروپا بە سایتى (گۆڕان)ى راگەیاند: سەردانی ھەردو پەرلەمانی ئەوروپا و بەلجیکامان کرد لە برۆکسل، بەمەبەستی گفتوگۆ و گەیاندنی کەیسی جینۆسایدی گەلی کورد لەسەر دەستی رژێمی بەعس و وێنە و بەڵگەکانى تاوانەکانى دژ بە گەلى کوردمان پێشکەش کردن.

دەشڵێت: لە دیدارەکاندا جەختمان لەوە کردەوە کە پێویستمان بە پشتیوانی یەکێتی ئەوروپا ھەیە بۆ ناساندنى دۆسیەی جینۆسایدى گەلى کورد و گەرەنتیی کردنى دوبارەنەبونەوەی.

هەروەک ئاماژە بەوە دەکات وەک لیژنەکەیان پەرلەمانتارانی یەکێتی ئەوروپا و بەلجیکایان بانگھێشت کردوە بۆئەوەى سەردانى هەرێمى کوردستان بکەن و لە نزیکەوە تاوانەکانى دژ بە گەلى کورد و جینۆساید کردنى ببین، لاى خۆیانەوە پەرلەمانتارانى بەلجیکا و یەکێتى ئەوروپا ئامادەیی پشتیوانیی خۆیان دەربڕی و بەڵنیاندا لە کاتێکی نزیکدا بێنە کوردستان و سەردانی ھەڵەبجە و گەرمیان و گۆپتەپە و بالیسان و بادینان و ئەو ناوچانەى دیکەى کوردستان بکەن کە خەڵکەکەیان لەلایەن رژێمى پێشوەوە جینۆساید کراون.


هەواڵی زیاتر