فراکسۆنى گۆڕان: ئەرکی پەرلەمانە پرسە گرنگە نیشتیمانیەکان چارەسەر بکات و هێز و فراکسیۆنە جیاوازەکان بێنێتە سەر مێزی گفتوگۆ

09/05/2022

فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان رایدەگەیەنێت؛ ئەرکی پەرلەمانە پرسە گرنگە نیشتیمانیەکان چارەسەر بکات و هێز و فراکسیۆنە جیاوازەکان بێنێتە سەر مێزی گفتوگۆ و رۆڵی نوێنەرایەتی و یاسایی و مەرجەعیەتی خۆی بگێڕێت کێشەکان چارەسەر بکات.

لەو راگەیەندراوەدا کە لەبارەى دۆخى پەرلەمان و پەکخستنیەوە بڵاوى کردەوە، فراکسیۆنى گۆڕان نیگەرانى ئەوە دەخاتەڕو کە؛ هەرکاتێک کێشە و ئاڵۆزی زیاد دەکات و مەترسیەکان و هەڕەشەکان زۆر دەبن لە جیاتی ئەوەی پەرلەمان کە مەرجەعی سەرەکی چارەسەرکردنی پرسە چارەنوسسازەکان و یاساییەکانە، خۆی دەبێتە کۆسپێکی تر و گرفتێکی تر و پەک دەخرێت.

دەقى راگەیەندراوەکە:



ڕاگەیەنراوێک لە فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان
نزیکەی ٣٠ ساڵە یەکەم هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان کراوە بە هۆیەوە خەڵکی کوردستان بە یاسا توانی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بگۆڕێ بە شەرعیەتی یاسایی ،بەڵام تا ئێستا پرسێکی جەوهەری یەکلا نەکراوەتەوە لە کوردستان بونی هێزی ترە لە بڕیاردان لەسەر دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی دامەزراوەکان و ڕێز نەگرتنە لە یاساکان و چەسپاندنی سەروەری یاساکانە .
هەرکاتێک کێشە و ئاڵۆزی زیاد دەکات و مەترسیەکان و هەڕەشەکان زۆر دەبن لە جیاتی ئەوەی ئەو دامەزراوەیەی کە مەرجەعی سەرەکی چارەسەرکردنی پرسە چارەنوسسازەکان و یاساییەکانە بۆ خۆی دەبێتە کۆسپێکی تر و گرفتێکی تر و پەرلەمان دەوەستێنرێت . ئەرکی پەرلەمانە پرسە گرنگە نیشتیمانیەکان چارەسەر بکات و هێز و فراکسیۆنە جیاوازەکان بێنێتە سەر مێزی گفتوگۆ ڕۆڵی نوێنەرایەتی و یاسایی و مەرجەعیەتی خۆی بگێڕێت وە هەستێ بە چارەسەرکردنی کێشەکان بە تایبەتی ئەو گرفتانەی بنچینەی نیشتیمانیان هەیە بە سازانی نێوان لایەنە سیاسیەکان و بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت و پەلە بکرێت لە ڕێکەوتنی فراکسیۆن و لایەنە سیاسیەکان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن نابێت هیچ رێگریەک لەبەردەم دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان بمێنێ ،پێویستە ڕێز لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان بە هەموو ڕەنگە جیاوازەکانەوە بگیرێت نەک بە ویستی سەرۆکایەتی پەرلەمان یان بە ویستی حزبێک یان لایەنێک پەک بخرێت .
لەگەڵ ڕێزدا
فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان
٩/٥/٢٠٢٢





هەواڵی زیاتر