فراکسیۆنی گۆڕان: هاوبەشی خەمی ئەو بنەماڵەیەین كە كارەساتەكەیان بەسەرهات و دڵمان لەگەڵ ئازارەکانیاندایە
18/11/2022
فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت: خۆمان بە هاوبەشی خەمی ئەو بنەماڵەیە دەزانین كە بەهۆی كارەساتەكەی شەوی رابردوەوە ژمارەیەك لە ئەندامانی خێزانەكەیان بونە قوربایی و دڵمان لەگەڵ ئازارەکان و خەمی کوردستان و شاری سلێمانی دایە.
دەشڵێت: بە ئەرکی پەرلەمانی دەزانین لیژنەی تایبەتمەند راسپێرێت بە دواداچون ئەنجام بدات لە هۆکارەکانی ئەو کارەساتە و لەگەڵ وەزارەتە تایبەتمەندەکان کاربکات بۆ رێگرتن لە دوبارە بونەوەی ڕوداوی هاوشێوەو دڵتەزێن .
دەقی پرسەنامەی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان
دوێنێ ئێوارە ڕوداوێکی کارەساتبار و جەرگبڕ بە هۆی چاککردن و دەستکاری کردنی سیستمی غاز لە گەڕەکیکی شاری سلێمانی روویدا ، بە هۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتی بوونە قوربانی کە ئەندامانی بەڕێزی خێزانێکی دیاری کۆمەڵایەتی بوون ، ئێمە لە فراکسیۆنی گۆڕان خۆمان بە هاوبەشی ئەو خەمە دەزانین و دڵمان لەگەڵ ئازارەکان و خەمی کوردستان و شاری سلێمانی دایە ، داواکارین خوای گەورە لە کۆچکردوان خۆشبێت و شیفای بریندارەکان بدات .
بە ئەرکی پەرلەمانی دەزانین کە لیژنەی تایبەتمەند راسپێرێت کە بە دواداچون ئەنجام بدات لە هۆکارەکانی ئەو کارەساتە و لەگەڵ وەزارەتە تایبەتمەندەکان کاربکات بۆ رێگرتن لە دوبارە بونەوەی ڕوداوی هاوشێوەو دڵتەزێن و لایەنە پەیوەندیدارەکان بانگهێشتی پەرلەمان بکات ، هەروەها رۆژێک تایبەت بکرێت بە گێڕانی ماتەمی گشتی لە سەر ئاستی هەرێم .
فراکسیۆنی گۆڕان
١٨/١١/٢٠٢٢