سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان: یاساى بودجە بنێردرێتە پەرلەمان بۆئەوەى داهات شەفاف بێت و بە یەکسانى دابەش بکرێت
12/12/2022
سەرۆکى
فراکسیۆنى گۆڕان داوا دەکات یاساى بودجە بنێردرێتە پەرلەمان بۆئەوەى داهات شەفاف
بێت و کۆتایی بە دوئیدارەیی و دو دارایی بهێنرێت و داهات بە یەکسانى بەسەر ناوچەکاندا دابەش بکرێت.
گوڵستان
ئیسماعیل، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان لە کۆنگرەیەکى
رۆژنامەوانیدا ئاماژەى بەو مەترسی و ناکۆکییانە کرد کە لەنێوان هەندێک لە لایەنە
سیاسییەکان هەیە و رایگەیاند؛ بۆ بونى شەفافى لە داهات و خەرجیەکان، پێویستە بۆ ساڵى
(2023) حکومەت یاساى بودجە بێتە پەرلەمان و پەسەند بکرێ، کۆتایی بهێنرێ بەو رەوشە
ناهەموارەى هەیە لە روى دیارنەمانى داهات و دو زۆنیى ئیدارەیی دو زۆنى دارایی و ئەو
داهاتەى لە هەرێمى کوردستان هەیە یەکبخرێت و بە یەکسانى بەسەر ناوچەکانى کوردستان
دابەش بکرێ.
لەبارەى
دۆخى سیاسیشەوە، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان وتى: دۆخێکى مەترسیدار لە ئارادایە و پێویستە هێز و لایەنە
سیاسییەکان هەست بە بەرپرسیارێتى بکەن و لەسەر مێزى گفتوگۆ کۆببنەوە بگەن بە
رێگاچارەسەرێک بۆ ئەو کێشە و ناکۆکیانەى لە نێوانیادایە و "بتوانن بە
یەکگرتویی رەوشى سیاسى و ئیدارى هەرێمى کوردستان بەڕێوە ببەن و ئومێد ببەخشنەوە،
بۆئەوەى چیتر مەترسى لەسەر ژیان و قوتى خەڵک دروست نەبێت".