ئەنجومەنی باژێرەوانی سلێمانی پەیامێک لەیادی راپەڕیندا بڵاودەکاتەوە

08/03/2019

ئەنجومەنی باژێرەوانی سلێمانی گۆڕان پەیامێک بەبۆنەی راپەڕینی شاری سلێمانییەوە بڵاودەکاتەوەو رایدەگەیەنێت؛ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی راپەڕین، هێشتا سلێمانی پڕە لە جوڵە و درێژە پێدەری جیهانبینیەكانی کاک نەوشیروان.

لە پەیامەکەدا ئەمڕۆ (7)ی ئادار بەبۆنەی یادی (28)ساڵەی راپەڕینەوە بڵاوکراتەوە، ئاماژە بەوەکراوە، "راپەڕینی سلێمانی وەک درێژکراوەی جوڵە مێژوییەکەی کە ئەندازیارەکەی رابەرێکی گەورە بوە و پاشخانی پڕ بو لە هوشیاری گشتی و سلێمانی وەک خاڵی دەستپێکردنی وەرچەرخانێکی گەورە بینیوە بۆ شارەکانی تر كە ئەویش نەوشیروان مستەفا بوە".

هاوکات جەختی کردوەتەوە لەسەر ئەوەی کە "راپەڕین ئەگەرچی وەک دەستکەوتێکی مێژوی نەیتوانیوە بەرهەمهێنی کۆی ئامانجەکانی بێت، بەڵام بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی هێشتا سلێمانی پڕە لە جوڵە و درێژە پێدەرێ جیهانبینیەكانی کاک نەوشیروان".

دەقى پەیامی ئەنجومەنی باژێرەوانی سلێمانی گۆڕان
ئەمڕۆ 28 ساڵ تێدەپەڕێ‌ بەسەر راپەرین و رزگار كردنی شاری سلێمانی لەدەستی رژێمی بەعس، كە بەو بۆنەیەوە پیرۆزبای گەرم لە خەڵكی قارەمانی شاری سلێمانی دەكەین. راپەڕینی ئازاری 1991 یەكێكە لە دەسكەوتە مەزنەكانی گەلی كوردو جوڵانەوەی رزگاریخوازی خەڵكی كوردستان لە سەدەی بیستەم. لەو وێستگە مێژوییەدا جەماوەرو هێزی پێشمەرگە توانیان بۆ یەكەم جار دەسەڵاتی بەعس لە كوردستان راماڵن‌و شارو شارۆچكەكانی كوردستانی عیراق‌، بە كەركوكەوە ئازاد بكەن.

بۆ یادی ڕاپەڕین دەبێت بچینەوە سەر ئەو ڕاستییە مێژوییە کە بە قوڵایی مێژو سلێمانی ژینگەیەک بوە بۆ قبوڵکردنی رای جیاوازو فرەیی، بەڵام هەر کاتێک دەسەڵاتەکان گەشتبێتنە ڕێگرتن لەم سروشتەی شاری سلێمانی ئەوا هێزی ناوەکی سلێمانی روبەڕوی بوەتەوە و وەک شارێکی زیندوی پڕ جوڵە توانیویەتی شکست بەو دەسەڵاتە بهێنێت.

راپەڕینی سلێمانی وەک درێژکراوەی جوڵە مێژوییەکەی کە ئەندازیارەکەی رابەرێکی گەورە بوە و پاشخانی پڕ بو لە هوشیاری گشتی و سلێمانی وەک خاڵی دەستپێکردنی وەرچەرخانێکی گەورە بینیوە بۆ شارەکانی تر كە ئەویش نەوشیروان مستەفا بوە، بۆیە راپەڕین ئەگەرچی وەک دەستکەوتێکی مێژوی نەیتوانیوە بەرهەمهێنی کۆی ئامانجەکانی بێت، بەڵام بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی هێشتا سلێمانی پڕە لە جوڵە و درێژە پێدەرێ جیهانبینیەكانی کاک نەوشیروان، ئەم حکومەتەی ئێستاش بەرهەم هاتوە بە هەمو کەموکوڕیەکانیەوە بەرهەمی ڕاپەڕینە، هەوڵەکانیش بۆ باشترکردنی بەردەوامی هەیە و دەبێت بە هەمو لایەکمان هەوڵ بۆ چاککردنی و بە نیشتمانیکردنی بدەین.

بزوتنەوەی گۆڕان
ئەنجومەنی باژێرەوانی سلێمانی 7/3/2019


هەواڵی زیاتر