سەیدسادق؛ مەکۆى گۆڕان دەستپێشخەرییەک بۆ خزمەتکردنى قەزاکە رادەگەیەنێت

13/01/2023

ئەنجومەنی قەزای سەیدسادقی بزوتنەوەی گۆڕان، دەستپێشخەریەک رادەگەیەنێت بۆ هێز و لایەنە سیاسییەکانى سنورەکە بە ئامانجى کۆکردنەوەى داواکارى و پێداویستیەکانى هاوڵاتیان و سنورەکە و فشارکردنە سەر لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ خزمەتکردنى قەزاکە و دەستهەڵگرتن لە پشتگوێخستنى.

لە چوارچێوەى دەستپێشخەریەکەدا وەفدێکی ئەنجومەنی قەزای سەیدسادقی بزوتنەوەی گۆڕان بە سەرپەرشتی باژێڕوانی مەکۆ و دەستەی بەڕێوەر و ئەندامانی ئەنجومەنی قەزا، سەردانی هەریەک لە (یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، حیزبی شیوعی کوردستان)یان کرد و سەردانى لایەنەکانى دیکەش دەکەن.

لەبارەى ئامانج و هۆکارى دەستپێشخەریەکە و سەردانى لایەنە سیاسییەکان، مەڵبەند ئەحمەد، باژێروانى سەیدسادقى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ دەستپێشخەریەکە بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم لایەنە سیاسیەکانی قەزاکەیە لە ئاستی سەرکردایەتی و بە هاوبەشی لەگەڵ ئیدارەی قەزای سەیدسادق و نوێنەرانى سنورەکە لە ئەنجومەنی پاریزگا و پەرلەمان "بە مەبەستی کۆکردنەوەی هەموان لەسەر یەک مێزی گفتووگۆ و بۆ خزمەتی هاوڵاتیانی قەزای سەیدسادق، چونکە دۆخی خزمەتگوزارى لە قەزای سەیدسادق لەوپەڕی خراپیدایە و هەست بە پەراوێزخستن و پشتگوێخستن دەکەین لە هەمو سێکتەرەکان، بەراورد بە چەند ساڵى رابردو هیچ گۆڕانکارى و بەرەوپێشچونێک هەست پێ ناکرێت".

دەشڵێت: بزوتنەوەی گۆڕان لە قەزاکە هەمو هەوڵەکانی خۆی بۆ خزمەتی شارەکە بەگەڕ خستوە دەمانەوێت لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانى دیکە کەموکوڕیەکان و پێداویستییەکان دەستنیشان بکەین و بیگەیەنینە لایەنە پەیوەندیدارەکان و فشار بکەین بۆ بەدەمەوەهاتنى داواکارى و پێویستییەکانى هاوڵاتیان و قەزاکە، لایەنە سیاسیەکان بەدەم داواکاریەکەمانەوە هاتون و ئامادەییان دەربڕیوە بۆ دەستپێشخەریەکەمان و پشتیوانیکردنى، ئومێدمان وایە خەڵکى سەید سادقیش پاڵپشت و هاوکارمان بن و حکومەتیش بەدەم داواکارییەکانەوە بێت".


هەواڵی زیاتر