مەلا فەرمان: ناکۆکی و دووربه‌ره‌کی نیوان پارتی و یه‌کێتی و ئه‌زمونی خراپی حکومڕانیان هۆکاری دۆخى نەخوازراوى که‌رکوک و لاوازکردنى پێگەى کوردە

24/09/2023

مەلا فەرمان لە سمینارێکى ژورى رەوەندى کوردى بزوتنەوەى گۆڕاندا، رایدەگەیەنێت؛ ناکۆکی و دووربه‌ره‌کی نیوان پارتی و یه‌کێتی هۆکاری سه‌ره‌کی باری نائاسایی و دۆخى نەخوازراوى ئێستای که‌رکوکن و ئه‌زمونی خراپی چه‌ند ساڵ له‌ حوکمڕانیان پاش روخانی به‌عس و زوڵم و زۆر و نادادی له که‌رکوکدا هۆکارەکانى ترى ئەو دۆخەن، کە جگە لە لاوازکردنى پێگەى کورد دوبارە تەعریب و هەوڵەکانى گۆڕینى دیمۆگرافیاى شارەکە دەستیپێکردوەتەوە.

له‌ چوارچێوەى ئه‌و زنجیره‌ سیمینارانه‌ی ژووری ڕەوەندی کورد بۆ نووسە‌ران، مێژووناس، ئه‌کادیمی و ڕۆشنبیران پەیوەست بە کایەکانى ژیان و دۆخى حکومڕانى و ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکانى بەردەم کورد سازی ده‌کات، کۆڕێكی بۆ مەلا فرمان نوسه‌ر و پێشمەرگەی دێرین لەژێر ناوى (ئێستا و ئایندەی کەرکوک) لە رێگەى وێبناری زووم سازکرد و تێیدا مەلا فەرمان به‌ وردى باسی له‌ دۆخى ئێستای که‌رکوک و هۆکارەکانى ئاڵۆزبونى رەوشەکە مەترسى و ئاڵنگارییەکانى کوردى لەو ناوچانە کرد و ئەوەى خستەڕو کە؛ ناکۆکی و دووربه‌ره‌کی نیوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی کورد به‌ گشتی و پارتی و یه‌کێتی به‌تایبه‌تی هۆکاری سه‌ره‌کی باری نائاسایی که‌رکوکن ئەوە جگە لەوەى ئه‌زمونی خراپی چه‌ند ساڵ له‌ حوکمڕانیان پاش روخانی به‌عس و زوڵم و زۆر و نادادی له که‌رکوکدا هۆکارى دیکەى ئەو دۆخەن.

مەلا فەرمان رونیکردەوە کە له‌ دوای ریفراندۆ‌مه‌وه‌ رۆژبه‌رۆژ پێگەى کورد به‌ره‌و لاوازی رۆیشتوه‌، پۆست و به‌‌رپرسیارێتی له‌ که‌سانی کورد لە کەرکوک سه‌ندراوه‌ته‌وه‌، رێژه‌ی کورد له‌نێو داموده‌زگاکان و ته‌نانه‌ت پۆلیس و سه‌ربازیدا زۆر که‌میکردوه، دەشڵێت: زۆربەى ئەو هەنگاوانە بۆ لاوازکردنى کورد به‌ پلان ده‌کرێت، بەشێوەیەک پرۆسه‌ی ته‌عریبکردن به‌رده‌وامه‌ و داگیرکردنی گوند و زه‌وی و ره‌زوباخی کورد له‌ لایه‌ن عه‌ره‌بی هاورده‌وه‌ ده‌ستی پێکردوەته‌وه‌، جار جار خاو ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ک ده‌ست پێ ده‌کاته‌وه‌، واته‌ گۆڕانی دیمۆگرافی که‌رکوک به‌رده‌وامه‌.

سەبارەت بە چارەسەرەکان بۆ دۆخى ئێستاى کەرکوک و بەهێزکردنەوەى کورد تێیدا، مەلافەرمان دەڵێت: ئەگه‌ر حیزبه‌ کوردییه‌کان ده‌یانه‌وێت خزمه‌ت به‌ کورد و مه‌سه‌له‌ی که‌رکوک بکه‌ن، پێویسته‌ ناکۆکییەکان وەلاوەبنێن و ململانێکان لەشارەکە دوربخەنەوە، ئه‌و سه‌رکرده‌ و فه‌رماندانه‌ی خه‌ڵکی که‌رکوکن و تەنانەت ئەندامەکانیان کە لە شارەکانى دیکە نیشتەجێن بێنه‌وه‌ ناو که‌رکوک و له‌وێ بژین، هاوکات گرنگه‌ خه‌ڵکی که‌رکوک خۆیان گروپی فشار و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ته‌عریب دروست بکه‌ن و چاوه‌رێی حزبه‌کان نه‌که‌ن.


هەواڵی زیاتر