ڕەوشی کورد لە سوریا و ئایندەی ڕۆژئاوا، لە دیدارێكی ژوری رەوەندی كوردی دا

05/10/2026

ژوری ڕەوەندی کوردی کۆبونەوەیەکی تایبەتی ئۆنلاینی بۆ حەسەن محمد عەلی، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی ئەنجومەنی دیموکراتی سوریا بەڕێوەبرد، کە تێیدا ڕەوشی هەنوکەیی کورد لە سوریا، دۆخی ڕۆژئاوا و ئایندەی کورد لە پرۆسەی سیاسیی نوێی سوریا تاوتوێ کران.
لە سەرەتای کۆبونەوەکەدا، فوئاد جەمال، ڕێکخەری ژوری ڕەوەندی کوردی، کورتەیەکی لەبارەی دۆخی کورد لە ڕۆژئاوا و گرنگیی قۆناغی ئێستای سوریا پێشکەش کرد و تێیدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە کورد لە قۆناغێکی هەستیاردا یە و پرسە سەرەکییەکە تەنها پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕابردو نییە، بەڵکو چۆنیەتی بەشداریی کاریگەر لە پرۆسەی سیاسیی داهاتوی سوریا و جێگیرکردنی مافە نەتەوەیی، زمانی، کەلتوری و سیاسییەکانی کوردە.
دواتر، میران ساڵح، ئەندامی ژوری ڕەوەندی کوردی، کۆبونەوەکەی بەڕێوەبرد و بەشە جیاوازەکانی گفتوگۆ و پرسیار و وەڵامی ڕێکخست.

دۆخی سوریا و ڕەوشی کورد
لە بەشی سەرەکیی کۆبونەوەکەدا، حەسەن محمد عەلی بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی ئەنجومەنی دیموکراتی سوریا، کورتەیەکی پەیوەست بە دۆخی سوریا لە ڕابردوەوە تا ئێستا و گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکان پێشکەشکرد لەناویدا دۆخی شێخ مەقسود و ئەو ڕوداو و ئاڵۆزییەی پەیوەندییان بە دۆخی کورد لە ناوچەکەوە هەیە، هاوكات باس لە داهاتوی کورد و شوێنی کورد لە پرۆسەی سیاسیی نوێی سوریا کرا.
لە گفتوگۆکەدا ئاڵنگارییەکانی گەلی کورد لە پەیوەندی لەگەڵ تورکیا و سوریا باس کران و جەخت لەسەر گرنگیی بەردەوامبونی هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکان بۆ پاراستنی مافەکانی کورد کرا.

زمانی کوردی و ناسنامە
یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی کۆبونەوەکە زمانی کوردی و مافە  پەروەردەییەکانی کورد بو. تێیدا باس لە گرنگیی پاراستنی ناسنامە، زمان و کەلتوری کورد کرا و جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە  زما نو کەلتورییەکان دەبێت لە داهاتوی سیاسی و دەستوری سوریا شوێنێکی ڕونیان هەبێت.

مێژو، جوگرافیا و بونی کورد لە سوریا
لە بەشی دیکەی گفتوگۆکەدا باس لە مێژو و جوگرافیای کورد و بونی کورد لە ناوچە جیاوازەکانی سوریا کرا.
جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە کورد تەنها لە ڕۆژئاوا نین، بەڵکو لە دیمەشق و ناوچەکانی تری سوریاش کۆمەڵگە و بونی کوردی هەیە؛ بۆیە لە هەر پرۆسەیەکی سیاسی و دەستوریی داهاتودا پێویستە ماف و بونی هەمو کوردانی سوریا لەبەرچاو بگیرێت.
هەروەها باس لە پەیوەندی و ڕێککەوتنەکان لەگەڵ حکومەتی سوریا کرا و جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە مافی کورد دەبێت بە شێوەیەکی ڕون و یاسایی لە هەر ڕێککەوتنێکی سیاسیی داهاتودا پارێزراو بێت.

پاراستنی دەستکەوتەکانی کورد
یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی گفتوگۆ، پاراستنی دەستکەوتەکانی کورد بو.
لە کۆبونەوەکەدا جەخت لەسەر پێویستیی پاراستنی دەستکەوتەکانی کورد لە بواری سەربازی، سیاسی و پەروەردەییەکان کرا و ئەوە بە بنەمایەکی گرنگ بۆ داهاتوی کورد لە سوریا دانرا.
هاوكات پێشێلکردن و زیانگەیاندن بە ناوچە کوردنشینەکان گفتوگۆکرا، بە تایبەتی ئەو ڕوداوانەی لە ساڵانی ڕابردودا لە سەرەکانی و عەفرین ڕویداوە و کاریگەرییەکانیان لەسەر دانیشتوان و ناسنامەی کوردی.

بەشداربوان
لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا، بەشداربوان پرسیار و سەرنج و تێبینیەكانیان دەربارەی ڕەوشی کورد لە ڕۆژئاوا، دۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە، داهاتوی کورد لە سوریا، پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی سوریا و ئاڵنگارییەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی خستەڕو.
لای خۆیەوە حەسەن محمد عەلی لە وەڵامی پرسیارەکانی بەشداربواندا جەختی لەسەر گرنگیی هاوکاری و پشتیوانیی دیپلۆماسی بۆ کورد لە سوریا کردەوە.
ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە کورد لەم قۆناغە هەستیارەدا پێویستی بە پشتگیری و هاوکاریی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەیە و پێویستە هەمو لایەنە کوردییەکان و دۆستانی پرسی کورد، بە تایبەتی لە بواری دیپلۆماسییەوە، هاوکاری و پشتیوانیی پرسی کورد بکەن.

هەروەك سوپاسی هەمو بەشداربوان و بە تایبەتی ژوری ڕەوەندی کوردی كرد بۆ رەخساندنی ئەو دەرفەتە و سوپاسی مەزڵوم عەبدی گەیاندە هەڵسوڕاوانی ژور و رەوەندی کوردی و ئامادەبوان، بۆ هەوڵ و ماندوبونەکانیان بۆ ئامادەسازی و بەڕێوەبردنی ئەم کۆبونەوەیە.
لە کۆتاییدا، جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە داهاتوی کورد لە سوریا پێویستی بە یەکدەنگی، پاراستنی دەستکەوتەکان، بەشداریی سیاسی، دیپلۆماسیی چالاک و هاوکاریی نێودەوڵەتی هەیە، بۆ ئەوەی ماف و ناسنامەی کورد لە داهاتوی سیاسی و دەستوری سوریا بە شێوەیەکی یاسایی و جێگیر بپارێزرێت.
ژوری ڕەوەندی کوردی بەردەوامی خۆی لە ئەنجامدانی کۆبونەوە و گفتوگۆی سیاسی و نێودەوڵەتی بە مەبەستی گەیاندنی دەنگی کورد و بەهێزکردنی پەیوەندی و دیپلۆماسیی کوردی بە گرنگ دەزانێت.


هەواڵی زیاتر