نوێنەری گۆڕان بۆ گەیاندنی دەنگی كورد بەهێزكردنی پەیوەندیەكان بەشداری بۆنەیەكی كاریگەر دەكات لە لیڤەرپول

01/10/2026

فوئاد جەمال سەلام، ڕێکخەری ژوری رەوەندی کوردی، بەشداری کۆنفرانسی ساڵانەی (Labour Party) لە شاری لیڤەرپوولی بەریتانیا كرد، بە ئامانجی پتەوكردنی پەیوەندیەكان و بەشداركردن لە پانێڵەكانی پەیوەست بە دۆزی گەلی كورد و داكۆكیكردن لە یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی و داخوازی و مافە رەواكان.
کۆنفرانسەکە، کە لە (٢٧ تا ٣٠ی ئەیلولی ٢٠٢٦)ی خایاند، بووە مەیدانێک بۆ گفتوگۆ لەسەر گۆڕانکارییە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی بەریتانیا و ئاراستەی داهاتووی حیزب و تێیدا جەخت لەسەر پێشخستنی ئابووری، پشتگیریکردنی کار و کرێکاران، خزمەتگوزارییە گشتییەکان و گۆڕانکارییە سیاسییەکان کرایەوە، هەروەها کۆمەڵێک چالاکی و پانێڵی تایبەت بەڕێوەچوو.
لە گرنگترین بابەتەکانی پەیوەندیدار بە پرسە کوردییەکان، دوو پانێڵی تایبەت لە کۆنفرانسەکەدا ئەنجامدرا كەچەندین پەرلەمانتاری بەریتانیا و دۆستی گەلی کورد بەشداری کارایان تێیاندا هەبوو، ئەوانیش؛
 یەکەم بە ناونیشانی «دروستکردنی سوریایەکی نوێ: ڕۆڵی کورد لە داهاتوویەکی گشتگیر) کە بەشداری و ڕۆڵی کورد لە داهاتووی سیاسی و گشتگیریی سوریا لێکۆڵینەوەی لەسەر کرا، دووەمیش بە ناونیشانی «پەڕینەوەیەکی نوێ بۆ تورکیا ئاشتی، دیموکراسی و پرسی کورد» کە تەركیزی لەسەر پرۆسەی ئاشتی، دیموکراسی و دۆخی پرسی کورد لە تورکیا بوو.

لای خۆیەوە، فوئاد جەمال سەلام لە چوارچێوەی بەشداریکردنەکەیدا نامەی پیرۆزبایی بزوتنەوەی گۆڕانی لەرێگەی وەزیری بازرگانی، نوێکاری، زانست و پیشەسازیی بەریتانیا، گەیاندە سەرۆکی (Labour Party).
هاوكات ئەم بەشداریکردنە لە بۆنەكە و پانێڵەكانی، دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆ ئەوەی پرسە کوردییەکان لە چوارچێوەی گفتوگۆ سیاسییەکاندا زیاتر ببیندرێن و دەنگی کورد لە کۆمەڵگەی سیاسی و مەدەنیی بەریتانیا بگاتە لایەنە پەیوەندیدارەکان.

ژوری ڕەوەندی کوردی بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و بەشداریی چالاکی کورد لە ژیانی گشتی و دیموکراتیکی بەریتانیا.


هەواڵی زیاتر