پەری ئەحمەد: یەکدەنگیی کورد بنەمای سەرەکییە بۆ بەدەستهێنانی نوێنەرایەتی لە نەتەوە یەکگرتوەکان
04/10/2026
بە
مەبەستی تاوتوێکردنی پرسی نوێنەرایەتیی نەتەوەی کورد لە نەتەوە یەکگرتوەکان و
داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان، تیمی ژوری ڕەوەندی کوردیی بزوتنەوەی
گۆڕان (پەری ئەحمەد، میران ساڵح، نالی قادر و ئارام تاهیر) بەشدارییان لە
کۆنفرانسێکی گرنگدا لە زانکۆی ئازادی لە بڕۆکسڵی پایتەختی بەلجیکا کرد، کە بە
سەرپەرشتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بەڕێوەچو.
لە
کۆنفرانسەکەدا، پەری ئەحمەد، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان، وتاری
فەرمیی بزوتنەوەکەی پێشکەش کرد. ناوبراو لە وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر گرنگیی و
زەرورەتی هەبونی دەنگ و نوێنەرایەتیی کورد لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکاندا،
بەتایبەتی لە نەتەوە یەکگرتوەکان. پەری ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە کە "پێویستە
داواکاری و مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان بە شێوەیەکی یاسایی و دیپلۆماسیانە بخرێنە
بەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی."
لە
بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نوێنەرەکەی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوە دا کە پرسی کورد
لە قۆناغی ئێستادا پێویستی بە هەوڵێکی هاوبەش و یەکگرتو هەیە، و ڕایگەیاند: کە
داکۆکیکردن لە مافە نەتەوەییەکان دەبێت تەنها لە چوارچێوەی یاسا، دیپلۆماسی، ئاشتی
و یەکدەنگیدا بەردەوام بێت. پەری ئەحمەد دوپاتی کردەوە کە یەکدەنگی و یەکهەڵوێستیی
لایەنە کوردییەکان، تاکە بنەمایە بۆ بەهێزکردنی پێگەی کورد لە ئاستی جیهاندا و
داوای کرد ئەم پرسە وەک پرسێکی باڵای نەتەوەیی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
لە
کۆتایی پەیامەکەیدا، بزوتنەوەی گۆڕان بە فەرمی پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ هەوڵەکانی
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) و سەرجەم ئەو
کار و چالاکییانە دەربڕی کە ئامانج لێیان بەهێزکردن و چەسپاندنی دەنگ و پێگەی
کوردە لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا.