عەلی حەمەساڵح: هەندێک لایەن کێشەی پۆستیان هەیە نەک یاسای سەرۆکایەتی

30/03/2019

سەرۆکی فراکسیۆنی
گۆڕان رایدەگەیەنێت بەهۆی رێکنەکەوتنیان لەسەر دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم ئەو
پرسەیان بۆ نوسینەوەی دەستور هەڵگرتوە، لەگەڵئەوەشدا هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لە
پەرلەمانەوە بەشێکی زۆری خواستەکانی گۆڕانی جێگیرکردوە.

دوای دانیشتنی
پەرلەمانی کوردستان و خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم، عەلی
حەمەساڵح سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەمڕۆ خوێندنەوەی
یەکەم بۆ پڕۆژە یاسای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی و گۆڕانکاری لە شێوازی
هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم تا نوسینەوەی دەستور کرا، پێمانوایە ئەو یاسایە زۆر گرنگە
و رەهەندی نیشتیمانی هەیە و پەیوەندیی بە سەرجەم لایەنەکانەوە هەیە، وەک خولی پێشو
و ئەم خولەش باوەڕمان وایە کە تا دوا دەرفەت زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان بەشداربن
لە داڕشتنەوە و گفتوگۆکردن لەسەر یاساکە.

ئاماژەی بەوەکرد؛ لەم
پڕۆژە یاسایەدا بەشێکی خواستەکانی گۆڕان جێگیرکراوە، بزوتنەوەی گۆڕان لەکاتی
نوسینەوەی دەستورلە ساڵی (2009) لەگەڵ ئەوەبو کە سەرۆکی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە
هەڵبژێردرێت، ساڵی (2013) و دوای تەواوبونی ویلایەتی سەرۆکایەتی هەرێم دژی
درێژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆکی هەرێم بوە، ئەوکات دوای تەواوبونی هەشت ساڵی ویلایەتی
سەرۆکی هەرێم دژی ئەوەبوین کە بە نایاسایی ویلایەتەکەی درێژبکرێتەوە و داوامانکرد
سەرۆکی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، ئێستاش بەپێی ئەو پڕۆژە یاسایە، شێوازی
هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم دەگۆڕێت و لە کۆتایی ئەم خولە ویلایەتی سەرۆکی هەرێم کۆتایی
دێت، لەبارەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمیشەوە نەگەیشتونەتە رێککەوتن و ئەو پرسە
هەڵگیراوە بۆ نوسینەوەی دەستور.

سەرۆکی فراکسیۆنی
گۆڕان جەختی کردەوە؛ ساڵی (2015) و لەکاتی گفتوگۆ و دانوستان لەسەر یاسای
سەرۆکایەتی هەرێم و بەتایبەتی دانوستانی چوار لایەنەکە (گۆڕان، یەکێتی، یەکگرتو،
کۆمەڵ) لەگەڵ پارتی، گفتوگۆ لەسەر دو ستون کرا ستونی یەکەم سەرۆک لەناو خەڵکەوە
هەڵبژێردرێت و دەسەڵاتەکانی کەمبکرێتەوە، ستونی دوەم سەرۆکی هەرێم دەسەڵاتەکانی بمێنێتەوە
بەمەرجێک لە پەرلەمانەوە هەڵبژێرێت، ئێمەش ستونی دوەممان هەڵبژاردوە و کاری لەسەر
دەکەین.

عەلی حەمەساڵح
رایگەیاند: ئەگەر دەسەڵاتەکان لای سەرۆکی هەرێم یان سەرۆکی حکومەت بێت، دەکەوێتە
ژێر چاودێریی پەرلەمانی کوردستانەوە.

وتیشی :"ئەوە هەمو خواستی ئێمە نییە، بەڵام بەشێکە لەو رێککەوتنە سیاسییەی لەنێوان پارتی و
گۆڕان کراوە، خاڵێکی بە دەق هاتوە کە سەرۆکایەتی هەرێم کارادەکرێتەوە تا نوسینەوەی
دەستور و رێککەوتن لەسەر دەسەڵاتەکانی و سەرۆکی هەرێم لەناو پەرلەمانی کوردستانەوە
هەڵدەبژێردرێت".

ئاماژەی بەوەکرد؛
لە ئێستا (75%)ی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لای سەرۆکی حکومەت و ئەنجومەنی وەزیرانە،
ئەگەر لایەنەکان دەیانەوێت ئەو دەسەڵاتانەی دیکەش لای حکومەت بێت، با لە لیژنەی
نوسینەوەی دەستور پێکەوە کاربکەین و ئەو دەسەڵاتانەش بگوازرێنەوە بۆ سەرۆکی حکومەت
و ئەنجومەنی وەزیران.

سەرۆکی فراکسیۆنی
گۆڕان رەخنەی لە ژمارەیەک لایەنی سیاسی گرت بەوەی کە لەسەر پۆست رێکناکەون، بەڵام
بە ناکۆکی سیاسی لەسەر سەرۆکایەتی هەرێم ناوی دەبەن، لەکاتێکدا کێشەکەی ئەوان
لەسەر پۆستە و داوای جێگرێکی سەرۆکی هەرێم دەکەن، نەک کێشەی سیاسییان هەبێت لەسەر
شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و دەسەڵاتەکانی و هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم.

عەلی حەمەساڵح
ئەوەیخستەڕو کە؛ بەپێی پڕۆژە یاساکە گۆڕانکاریی کراوە لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و
سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵدەبژێرردێت تا نوسینەوەی دەستور، ئەگەر تا کۆتایی
ئەم خولەی پەرلەمان رێککەوتن نەکرا لەسەر دەستور ئەوا سەرۆکی هەرێم ویلایەتەکەی
کۆتایی دێت و بۆ جارێکی تر سەرۆکی هەرێم هەر لە پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، ئەو
پرسەش رەهەندی نیشتیمانی هەیە و پێویستی بە سازان و تەوافوقی لایەنە سیاسییەکان
هەیە.


هەواڵی زیاتر