باژێروانى سۆرانى گۆڕان: زۆرێک لەو روداوانەى کارەساتیان لێدەکەوێتەوە، هۆکارەکانیان کەمتەرخەمى و جێبەجێنەکردنى یاسا و رێکارەکانى سەلامەتییە
10/12/2023
باژێروانى
سۆرانى بزوتنەوەى گۆڕان وێڕاى دوپاتکردنەوەى هاوخەمى بۆ قوربانیانى روداوەکەى
سۆران، رایدەگەیەنێت؛ زۆرێک لەو روداوانەى رۆژانە هاوڵاتیان بەهۆیانەوە دەبنە
قوربانى و کارەساتى گیانى و ماڵییان لێدەکەوێتەوە، هۆکارەکانیان کەمتەرخەمى و
جێبەجێنەکردنى یاسا و رێکارەکانى پاراستنى گیانى هاوڵاتیانە.
شەوقى سورچى باژێروانى سۆرانى بزوتنەوەى گۆڕان بە ئەرکى حکومەت و
لایەنە پەیوەندیدارەکانى دەزانێت پێش روداوەکان رێکار و رێنماییەکان جێبەجێ بکەن
لەپێناو پاراستنى گیانى هاوڵاتییان و دەڵێت: بەداخەوە کەموکورتى هەیە لە
جێبەجێکردنى مەرج و رێنماییەکانى پاراستنى سەلامەتى تەنانەت ئەو روداوە
نەخوازراوانەى رۆژان رودەدەن لە ئەنجامى هەڵگرتنى چەکى نایاسایی و خنکان و سوتان هۆکارەکانیان
سەروەرنەبونى یاسا و جێبەجێنەکردنییەتى.
باژێروانى
سۆرانى گۆڕان جەخت دەکاتەوە لەوەى دابینکردنى خزمەتگوزاری
و پێداویستییەکان ئەرکى حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانە، چونکە خەڵک شایستەى
ئەوە نییە بەهۆى سیاسەتى هەڵەى دەسەڵاتدارانەوە ئەم هەمو قەیرانە بەرۆکى گرتون،
"تا دەستوەردان و کەمتەخەمى بەردەوام بێت، بەداخەوە چەندبارەبونەوەى کارەساتى
هاوشێوە چاوەڕوانکراوە، بۆیە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرپرسیارانە مامەڵە
بکەن".
ئەوە لەکاتێکدایە؛ بزوتنەوەی گۆڕان پەیامێکى هاوخەمى بۆ
روداوى ئاگرکەوتنەوەکەى سۆران بڵاودەکردەوە و تێیدا ئاماژەى بەوەکردبو؛ سەرەڕای
هاوخەمی قوڵمان بۆ بنەماڵەی قوربانیان و هیوای هەرچی زووە چاکبونەوە بۆ
بریندارەکان، داواکارین لایەنە پەیوەندیدارەکان، هۆکارە بنچینەییەکانی ڕودانی
سوتانی ئەو باڵەخانەیە دیاری بکەن و ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ
دوبارەنەبونەوەی ئەو حاڵەتە تراژیدیایانە، کە بەداخەوە چەند جارێکە، لە چەند
شوێنێکی هەرێمی کوردستان دوبارە دەبێتەوە.