"بە هەوڵی گۆڕانخوازان گۆڕان دەچێتە ‎قۆناغێكی نوێوە"

11/08/2024

ئافرەتانى رەوەندى کوردى بزوتنەوەی گۆڕان جەخت لە کارى پێکەوەیی و رێکخستنەوەى ئۆرگانەکان و چڕکردنەوەى هەوڵەکان دەکەنەوە بە ئامانجى روبەڕوبونەوەى ئاڵنگارییەکان و و ئەوەى گۆڕان ببرێتە قۆناغێکى نوێ.

ئافرەتانى رەوەندى کوردى دوای هەڵبژاردنی نوێنەری خۆیان بۆ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە رێگای دەنگدانەوە، یەکەم کۆبونەوەی خۆیان لە ڕیگای وێبناری زووم ئەنجامدا و تێیدا پەری ئەحمەد نوێنەری هەڵبژێردراوی ئافرەتانى تاراوگە بۆ جڤاتی نیشتمانی، ئاماژەى بە پلان و کاروبارى داهاتووی ژنانى لەناو ئۆرگانەکانی ژووری ڕەوەندی کوردی کرد و داوایکرد؛ هەوڵ بدەن هەموو گۆڕانخوازان، گۆڕان ‎ببەنە قۆناغێكی نوێوە ئەوەش بە کارى پێکەوەیی و رێکخستنەوەى ئۆرگانەكان و خستنەڕوى پڕۆژە و جێبەجێكردنی تەواوی ئەو پرەنسیپانەی بزوتنەوەی گۆڕانی لەسەردامەزراوە.

جگە لە گفتوگۆى کارى رێکخراوەیی ئافرەتانى بزوتنەوەى گۆڕان ئاماژەیان بەو جوڵە و کۆڕ و کۆبونەوە سیاسى و پیشەییانە کرد کە پەیوەست بە دۆزى ژن و پڕۆسەى دیموکراسى و داوا و مافى گەلى کورد و رەوەندى کوردى هەیە لە ئەوروپا و هەرێمى کوردستان کە نوێنەرانى گۆڕان تێیاندا چالاکن، جەختکرایەوە لەوەى نوێنەراى گۆڕان بە چالاکى بمێننەوە و بەشدارى کارایان هەبێ و لە چوارچێوەى پرەنسیپ و بەرنامە نەگۆڕەکانى بزوتنەوەى گۆڕاندا لە رێگەى لۆبى کردنەوە داکۆکى بکەن لە سەرپیشخستنى پڕۆسەى دیموکراسى گەیاندنى داوا و مافى ژنان و هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان و رێگرى لە هەر هەوڵ و پڕۆژە و روئیایەک کە ئامانج لێى پێشێلکردنى پڕۆسەى دیموکراسى و مافى ژنان بێت.

هاوکات ئامادەبوان ئامادەیی تەواویان دەربڕى بۆ هەر ئەرک و هاوکاریی و هەوڵێک کە ئامانجى بەهێزکردنەوەى بزوتنەوەى گۆڕان و بەرەنگاربونەوەى ئاڵنگاریەکان بێت بە ئاڕاستەى خزمەتى خەڵک.


هەواڵی زیاتر