مستەفا محەمەد: پێویستە کارکردن و مافەکانى کرێکاران بە یاسا رێكبخرێت

01/05/2019

رێکخەرى
رایەڵەى کرێکارانى بزوتنەوەى گۆڕان ئاماژە بە خراپى دۆخى ژیان و گوزەرانى کرێکاران دەکات لە هەرێمى کوردستان و دەڵێت:"زۆرینەى کرێکاران بێ کارن و پێویستە فراكسیۆنەكانی پەرلەمان دۆخى ژیان و کارکردن و مافەکانى کرێکاران بە یاسا رێك بخەن و چیتر رێگە نەدرێت ئەو چینە ماف خوراوبن".

مستەفا محەمەد، رێکخەرى رایەڵەى کرێکارانى بزوتنەوەى گۆڕان لە رۆژى جیهانى کرێکاراندا ئاماژە بە خراپى دۆخی كرێكار دەکات لە هەرێمى کوردستان و دەڵێت:"هەمومان دۆخی كرێكار دەزانین
کە ژیانێكی زۆر خراپ و مەمرە و مەژی بەسەر دەبەن، دەتوانم بڵێم (70% بۆ 75%) كرێكارانی كوردستان بێكارن و ئەمە راستییەكی حاشا هەڵنەگرە".

ئەو باس لەوە دەکات کە زیادبونى پڕۆژەکانى وەبەرهێنان نەبوەتە هۆى باشبونى دۆخى کرێکاران و لەو لێدوانەیدا بۆ (سبەى) وتى: "زۆرینەى بەرپرسان و  دەسەڵاتداران و کۆمپانیا حیزبییەکان لەپشت ئەو پڕۆژانەوەن کە کارى تاقەت پڕوكێن بە كرێكاران دەکەن و زۆرجار مافیشیان  دەخۆن، ئەوە سەربارى ئەوەى وەک پێویست خۆراك و شوێنی نیشتەجێبونیان بۆ دابین ناکەن".

رێکخەرى رایەڵەى کرێکارانى بزوتنەوەى گۆڕان بە ئەرکى سەرجەم فراكسیۆنەكانی پەرلەمانى دەزانێت کە باشکردنى دۆخى کرێکاران و دەستەبەر کردنى مافەکانیان بە یاسا رێكبخەن و دەڵێت:"دەركردنی یاسا و رێكخستنی ئەرک و مافى کرێکاران لە پەرلەمانەوە گرنگترین هەنگاوە بۆ خۆشگوزەرانی و دابینكردنی پێداویتسیەکانى سەلامەتى بۆیان".

مستەفا محەمەد رونى دەکاتەوە کەکرێکارانى بیانیش دۆخیان لە کرێکارانى ناوخۆ باشتر نییە و ئەوە دەخاتەڕو کە لە هەرێمى کوردستان مافى کرێکارى خۆماڵى دەخورێت، چجاى کرێکارى
بیانى و کەسانێک کە بێ پشت و پەنا دێنە ئەم وڵاتە.


هەواڵی زیاتر