كۆڕی ژوری ڕەوەندی كوردی لە ساڵیادی كۆچی دوایی سەركردەی نیو سەدە لە خەباتی گەلی كورد
18/05/2026
بە
بۆنەی نۆیەم ساڵیادی کۆچی دوایی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، سەركردەی نیشتیمانی
گەلی كورد، ژووری ڕەوەندی کوردی بزوتنەوەی گۆڕان بە سەرپەرشتی فوئاد جەمال سەلام رێکخەری
ژور و بەشداری ژمارەیەک لە هەڵسوڕاوان و چالاکوانانو هاوڕێ و دۆستانی نزیکی ڕەوانشاد،
كۆڕێكی رێكخست.
لە
کۆڕەکەدا كە نزیکەی دوو کاتژمێری خایاند، لە
گفتوگۆی بەشداربوواندا جەخت لەوەكرایەوە كە نەوشیروان مستەفا ئەو سەركردەیەبوو ژیانی
خۆی تەرخان کرد بۆ خزمەتکردن بە گەلەکەی و ناوی خۆی بە پیتی زێڕین لە مێژووی خەبات
و ڕۆشنبیریی کوردیدا تۆمار کرد، چونكە ئەو تەنها سەرکردەیەکی سیاسی نەبوو، بەڵکو هزر،
قوتابخانە و ڕێگایەک بوو بۆ هەموو ئەوانەی خەونی کوردستانێکی دادپەروەر و ئازادیان
دەبینی، ئەو لە تەمەنی گەنجیدا ژیانی ئارام و داهاتوویەکی گەورەی لە ئەوروپا بەجێهێشت
و گەڕایەوە بۆ شاخ و خەبات، چونکە باوەڕی وابوو کەرامەت و شانازیی مرۆڤ لە خزمەتکردن
بە گەل و نیشتمانەکەیدایە.
ئەوە
بیرهێنرایەوە كە نەوشیروان مستەفا لە ناو شاخ و خەبات و شاریشدا هەرگیز خۆی لە ئازاری
خەڵک دوور نەدەخستەوە، خەمی ئازادی و هەژاری و ستەم و نادادپەروەریی، خەمی ئەو بوو
هەر بۆیە زۆر کەس ئەویان وەک دڵسۆزێکی نیشتمانی و مامۆستایەکی ڕۆشنبیر دەناسی، نەک
تەنها وەک سەرکردەیەکی سیاسی ئەو هەمیشە دەیگوت پێش ئەوەی نیشتمان لە خاکدا ئازاد بێت،
دەبێت لە هزر و عەقڵدا ئازاد بێت.
لە
كۆڕەكەدا دووپاتكرایەوە كە ئەو سەركردە نیشتمانییە هیچكات دەسەڵاتخواز نەبووە، بەڵكو
سەركردەی بە پرەنسیپ و خاوەن ویژدان و نزیك لە خواست و خەمی خەڵك و خاك بوە و
لەپێناو بیر و باوەڕیدا دەسبەرداری پۆست و دەسەڵات بووە.
هاوكات
گفتوگۆكرا لەبارەی ئەوەی چۆن بە دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە ساڵی (٢٠٠٩)، گۆڕەپانی
سیاسی جۆشدایەوە و نەوشیروان مستەفا بوو بە دامەزراندنی بزوتنەوەیەكی جەماوەری بو
بە دەنگی هیوا و گۆڕان بۆ هەزاران گەنج و ڕۆشنبیر و خەڵکی نارازی لەپێناو چاكسازی
و چەسپاندنی دادپەوەری دامەزراندنی سیستەمێکی دامەزراوەیی و مۆدێرن، کە تیایدا یاسا،
دادپەروەری، چاودێری دەسەڵات و مافی هاوڵاتی بنەمای کار بێت.
لە
كۆڕەكەدا؛ نوسین و كتێبەكانی نەوشیروان مستەفا بوونە جێی گفتوگۆی بەشداربووان وەك
دیوێكی دیكەی ژیانی ئەو سەركردەیەی كە گوزارشت لە بیر فراوانی و دنیابینیە تایبەت
و دانسقەكەی دەكەن، هاوكات هەریەک لە بەشداربووان باس و بیرەوەری و سەرگوزشتەیەکی تایبەتی
خۆیان لەگەڵ ئەو پیاوە نیشتمانییە گێڕایەوە و د. چیا عەباس و سامان شاسواریش، وەک دوو
لە هاوڕێ نزیکەکانی کاک نەوشیروان، بەشێک لە بیرەوەری و سەختترین ساتەکانی ژیانی سیاسی
و خەباتی ئەویان باس کرد.
لای
خۆیانەوە بەرپرسانی ئەنجومەنەکان، ئەندامانی ژووری ڕەوەندی کوردی، بەرپرسانی گۆشەکان
و نوێنەری جڤاتی گشتی لە ئەوروپا، گفتوگۆیان لەسەر ڕۆڵ و کاریگەریی هزری کاک نەوشیروان
و پڕۆژەی گۆڕانکاری کرد.
لە
کۆتایی کۆڕەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە هەرچەندە نۆ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی کاک
نەوشیرواندا تێپەڕیوە، بەڵام بیر و هزر و ئامانجەکانی هێشتا لە دڵ و هزری خەڵکی ئازادیخوازدا
زیندوون، چونکە نەوشیروان مستەفا تەنها ناوێک لە مێژوو نەبوو، بەڵکوو مێژوویەک بوو
لە خەبات، ڕۆشنبیری و دادپەروەری كە بۆ خاك و گەلەكەی ژیا، بەشداربوانیش بەهیواو ئومێدەوەو
تەئکیدیان لەوەدەکردەوە کە درێژدەری پەیام و بەرنامەی ڕەوانشاد و بزوتنەوەی گۆڕان دەبن.