نوێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری کۆنگرەی یەکی یەکێتی کۆمۆنەکانی کوردستانیانی لەندەن دەكەن
06/07/2026
نوێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان، کە پێکهاتبوون لە ڕێکخەری ژووری
ڕەوەندی کوردی و بەرپرسی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، بەشداری کۆنگرەی یەکەمی یەکێتی
کۆمۆنەکانی کوردستانیانی لەندەنیان کرد، کە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی لایەنە سیاسسیەكان،
ڕێکخراوە کوردی و کۆمەڵایەتییەکان لە شاری لەندەن بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای کۆنگرەکەدا، بەڕێوەبەری دیوان بە شێوەیەکی تایبەت
بەخێرهاتنی نوێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان کرد و ئاماژەی بە ڕۆڵ و شوێنپەنجەی بزوتنەوەکە
كرد لە پشتیوانیکردن لە بنەماکانی دیموکراسی، هاوپشتی نێوان گەلان و پەرەپێدانی دیالۆگ
و کارکردنی هاوبەش.
لە ناوەڕۆکی ڕاپۆرتە سیاسی و ڕێکخستنییەکانی کۆنگرەدا، جەخت
لەسەر گۆڕانکارییە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان، گرنگی پەرەپێدانی دیپلۆماسی، بەهێزکردنی
ڕێکخستن و دروستکردنی هاوپەیمانییەکان بۆ پاراستنی مافەکانی گەلان و بەرگری لە ئازادی
و دیموکراسی کرایەوە. هەروەها، پارادایمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و پێویستی چارەسەری دیموکراتیک
بۆ کێشەکانی ناوچە و دۆزی گەلی کورد بە شێوەیەکی فراوان باسکرا.
کۆنگرەکە گرنگییەکی تایبەتی بە ڕۆڵ و بەشداری ژنان و لاوان
دا و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ژنان و لاوان هێزی سەرەکی گۆڕان، دیموکراسی و بنیاتنانی
کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دادپەروەرن.
نوێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان لە چوارچێوەی بەشدارییەکەیاندا،
چەندین سەرنج و تێبینیان لەسەر گرنگی کار و هەوڵی هاوبەش، پێکەوەیی دیپلۆماسی و پەرەپێدانی
پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان خستەڕوو، جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە یەکگرتوویی
و هەماهەنگیی هێزە دیموکراتەکان و ڕێکخراوە کوردییەکان دەتوانێت خزمەتێکی گەورە بە
بەرژەوەندی دۆزی ڕەوای گەلی کورد بکات و یارمەتیدەر بێت بۆ ناساندنی زیاتر و پاراستنی
ماف و داواکارییە ڕەواکانی گەلی کورد لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی.
کۆنگرەی یەکەمی یەکێتی کۆمۆنەکانی گەلانی لەندەن دووبارە
جەختی لەسەر گرنگی هاوپشتی، یەکگرتوویی، دیموکراسی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و خەباتی
هاوبەش بۆ ئاشتی و ئازادیی گەلان کردەوە، و بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان لەم کۆنگرەیەدا
هەنگاوێکی دیکە بوو بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دیبلۆماسی و نەتەوەییەکان و پشتیوانی
لە هەوڵە هاوبەشەکان بۆ خزمەتکردن بە دۆزی ڕەوای گەلی کورد.