فراکسیۆنی‌ گۆڕان لە ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌، بڕیاری‌ دورخستنەوەی‌ بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ پەروەردەی‌ سلێمانی‌ نایاساییە

13/07/2019

فراکسیۆنى گۆڕان لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى رایدەگەیەنێت؛ بڕیارى دورخستنەوەى بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى سلێمانى نایاساییە، بەوپێیەى هیچ پاڵپشتییەکى یاسایى نیە بۆیە داواى
کۆبونەوەى ئەنجومەنى پارێزگا دەکەین و ئەگەر ئەم بڕیارە تێپەڕێت پێویستە ئەنجومەنى پارێزگا هەڵبوەشێنرێتەوە.

پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ شەممە، فراکسیۆنى گۆڕان لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیى لەبارەى بڕیارى دورخستنەوەى بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى سلێمانى لە پۆستەکەى لەلایەن جێگرى سەرۆکى حکومەتەوە سازکرد و تێیدا جەختکرایەوە لەوەى بڕیارەکە هیچ پاڵپشتییەکى یاسایى نییە و زیاتر سزاى سیاسیە.

رێبوار ئەحمەد، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان رونیکردەوە کە یاساى حکومەت و وەزارەتەکان و ئەنجومەنى پارێزگاکان دەسەڵاتەکانیان لەیەکترى جیاکردوەتەوە، واتە دەسەڵاتى هەر لایەکیان دیارى کراوە
لەو چوارچێوەیەدا ئەنجومەنى پارێزگاکان متمانە دەدەن بە حکومەتى خۆجێى و بەڕێوەبەرە گشتییەکانى حکومەتى خۆجێی، هاوکات لە مادەى شەشى یاساى ژمارە سێى ساڵى (2009)
ئەنجومەنى پارێزگاکاندا رونکراوەتەوە کە دانان و لابردنى بەڕێوەبەرە گشتیەکان لە دەسەڵاتى ئەنجومەنەکانە، بۆیە لابردنى بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردەى سلێمانى لەلایەن جێگرى سەرۆکى حکومەتەوە هیچ پاڵپشتیەکى یاسایى نیە".

هەروەک باسى لەوەکرد کە یاساى ئەنجومەنى وەزیرانیش بە رونى ئاماژەى بەوە کردوە کە دانان و لادانى بەڕێوەبەرى گشتى بەپێى یاسا دەبێت، ئەوەش پاڵپشتیە بۆ یاساى ئەنجومەنى پارێزگاکان کە لە
پەرلەمان دەرکراوە.

وتیشى: "ئێمە لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى بەپێى ئەو پەیڕەوەى هەمانە کار دەکەین و لەسەر ئەم بابەتە داواى ئەنجامدانى کۆبونەوەى ئەنجومەن دەکەین، چونکە بڕیارى لابردنى بەڕێوەبەرى
گشتى پەروەردە بە نایاسایى دەزانین و بەدەرە لە پاڵپشتى یاسا و رێنماییەکان بەوپێیەى بە دانپێدانانى تەواوى لایەنەکان ئەو بەڕێوەبەر گشتییە بە پیشەییانە و بێلایەنانە کارى کردوە، جگە لەوەى شارەزاى بوارەکەى خۆیەتى و لەماوەى کارکردنیدا هەوڵەکانى بۆ پێشخستنى کەرتى پەروەردە بوە".


جەختیشى کردەوە کە مافى خۆیانە بەرگرى لە بەڕێوەبەرێکى گشتى بکەن کە هیچ سەرپێچییەکى نییە و کارى بۆ باشکردنى پرۆسەى پەروەردە و فێرکردن کردوە، بەڵام بەشێوەیەکى نایاسایی لە کارەکەى
دور بخرێتەوە و دەڵێت:"ئەو بڕیارە دژى رێککەوتنى گۆڕان و یەکێتیە و پاڵپشتى یاسایشى نییە، بۆیە داوا دەکەین پەرلەمانیش کارى لەسەر بکات، ئەگەر ئەم بڕیارە تێپەڕێت پێویستە ئەنجومەنى پارێزگا هەڵبوەشێنرێتەوە".


هەواڵی زیاتر