غالب محه‌مه‌د: هاوڵاتیان زه‌ره‌رمه‌ند بون له‌و بڕه‌ سوته‌مه‌نییه‌ی‌ له‌ به‌غداوه‌ هاتوه‌

15/07/2019

غالب محەمەد، ئەندامی فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  رایگەیاند، ساڵی (2018)، دەیان ملیۆن لیتر سوتەمەنی لە لایەن حكومەتی  عێراقەوە نێردراوە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش  نەكراوە.

له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا كه‌ له‌ نوسینگه‌ی‌ سلێمانی‌ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق به‌ڕێوه‌چو، غالب محه‌مه‌د، به‌ رۆژنامه‌نوسانی‌  راگه‌یاند: له‌دوای‌ ساڵی‌ (2014)وه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی‌ دابه‌شكردنی‌ نه‌وتدا
زه‌ره‌رمه‌ندی‌ یه‌كه‌م خه‌ڵكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بون، كه‌ ئه‌وه‌ش  ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ مامه‌ڵه‌ی‌ خراپی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌یسه‌.

وتیشی‌: به‌پێی‌ ئه‌و ئامار و داتایانه‌ی‌ له‌به‌رده‌ستدان له‌باره‌ی‌ بڕی‌ سوته‌مه‌نیی‌ هاتو له‌ به‌غداوه‌ بۆ هه‌رێم، ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ حیزب و  به‌رپرسانی‌ سودمه‌ند بون له‌و كه‌یسه‌ و هاوڵاتیانیش زه‌ره‌رمه‌ند بون.

غالب محه‌مه‌د جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان به‌رده‌وام ده‌بن له‌ هه‌وڵه‌كانیان و سه‌ردانی‌ وه‌زیری‌ نه‌وتی‌ عێراق ده‌كه‌ن و هه‌مو رێگایه‌ك ده‌گرنه‌ به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی‌ هاوڵاتیانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان
سودمه‌ند بن له‌ نه‌وت و به‌نزین و گاز و هه‌وڵیش ده‌ده‌ن گرێبه‌سته‌كانی‌ ئه‌و كۆمپانیایه‌ هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌ كه‌ له‌ئێستادا سوته‌مه‌نی‌ به‌ نرخێكی‌ گران ده‌هێننه‌ ناوخۆی‌ هه‌رێم.

وتیشی‌: هه‌وڵ ده‌ده‌ین خودی‌ حكومه‌تی‌ عێراق چاودێریی‌ و به‌دواداچون بۆ ئه‌و كه‌یسه‌ بكات و ئه‌و دۆسیانه‌ش كه‌ له‌به‌رده‌ستماندا راده‌ستی‌ ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌ی‌ عێراقیان ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌دواداچون بكات و لایه‌نی‌ تاوانبار راده‌ستی‌ دادگاكانی‌ عێراق بكات، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی‌ دور بێت له‌ بڕینی‌ سوته‌منیی‌ هاوڵاتیان.


هەواڵی زیاتر