كاوە عەبدوڵا: لادانی بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی لێدانە لە لامەركەزییەت

15/07/2019

سەرۆکی پێشوتری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت؛ بڕیاری لادانی بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی نایاساییە و ئامانج لێی لێدانە لە لامەركەزیەت.

کاوە عەبدوڵا، سەرۆكی پێشوتری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند؛ دابەشكردنی پۆستەكانی حكومەتی خۆجێی لە پارێزگای سلێمانی لە ئەنجامی رێكکەوتنی نێوان لایەنەكانە و لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیەوە وەك هەنگاوێكی لامەركەزی متمانەیان پێ بەخشراوە.

سەبارەت بە بڕیاری لادانی بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی، كاوە عەبدوڵا وتی:"بڕیاری لادانی مامۆستا دڵشاد نایاساییە و پێشێلكردنی رێككەوتنی نێوان لایەنەكانە لە دابەشكردنی
پۆستەكانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی و هەروەها لێدانە لە بنەماكانی لامەركەزییەت".

لە چاوپێکەوتنەیدا لەگەڵ كەناڵی (كەی ئێن ئێن) وتیشی: جێگری سەرۆكی حكومەت مافی ئەوەی نیە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بۆ پۆستی دیكە كاندید بكات، چونكە ئەوە ماف و پشكی گۆڕانە کە چۆن بڕیاری لەبارەوە دەدات.

ئاماژەی بەوەشكرد؛ دەبێت ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و پارێزگار و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و پارێزەران بێنە سەر خەت و قبوڵی ئەو كارە نەكەن، چونكە ئەوە سزای سیاسییە، جگە
لەوەش ئەگەر سزای ئیداری بێت، پێویستە هۆكارەكەی رونبكرێتەوە.

سەرۆكی پێشوتری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رونیشیکردەوە، یەكێتی هەمیشە دەستپێشخەر بوە لە هێرشكردنە سەر گۆڕان لە ئێستا و رابردودا، بەڵام لەبەر ئەوەی گۆڕان هێزێكی مەدەنی و
بێ چەكە، هەمیشە خۆی پاراستوە لەو ململانێیانە و ویستویەتی بە رێگای یاسایی و مەدەنی و گفتوگۆ كێشەكان چارەسەر بكرێت، بەڵام بەشێک لە بەرپرسانی یەكێتی پێیان
وایە ئەگەر دەسەڵات و هێزیان هەبو، ئەوا لە سەروی هەمو شتێکەوەن.

سەبارەت بە چەسپاندنی بنەماكانی لامەرکەزیش، كاوە عەبدوڵا وتی:"پێویستە ئەنجومەنی پارێزگاكان بەشێوازێكی لامەركەزی كاربكەن و خاوەنی دەسەڵاتبن لە دیاریكردن و متمانەدان بە بەرپرسانی حكومەتی خۆجێی ومتمانە سەندنەوە لێیان، هەروەها بەهەماهنگی لەگەڵ پارێزگار و یەكە خۆجێییەكان رۆڵ ببینن لە چەسپاندنی دادپەروەری لە ئەنجامدانی پرۆژەكاندا".


هەواڵی زیاتر