لەسەر پێشنیازی فراکسیۆنی گۆڕان سیفەتی بەپەلەیی بە یاسای چاکسازیی بەخشرا

16/12/2019

لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاسای چاکسازیی لە موچە و خانەنشینی و دەرماڵەکان کرا، لەسەر داوا و پێشنیازی فراکسیۆنی گۆڕان سیفەتی بە پەلەیی بە پڕۆژە یاساکە درا.

سەعات (11)ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوشەممە، دانیشتنی ئاسایی پەرلەمانی کوردستان دەستپێکرد، کە بەپێی بەرنامەی کاری دانیشتنەکە، خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه‌یاسای (چاكسازی له‌ خانه‌نشینى و موچه‌ و ده‌رماڵه‌ و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كانى تر لە هەرێمی کوردستان) کرا و دواتر لەلایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە ئاڕاستەی لیژنە پەیوەندیدارەکان کرا بۆ ئامادەکردنی راپۆرتی خۆیان لەسەر پڕۆژەکە.

دوای خوێندنەوەی یەکەمی پڕۆژە یاساکە لەلایەن لیژنەی یاساییەوە، جەلال محەمەد ئەمین بڕیاردەری لیژنەی یاسایی و پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان، پێشنیازی کرد سیفەتی بەپەلەیی بدرێتە پڕۆژە یاساکە، دواتر بە دەنگی (85) ئەندامانی پەرلەمان پیشنیازەکە پەسەندکرا، پەرلەمان سیفەتی بەپەلەی بە پڕۆژە یاساکە بەخشی بۆ ئەوەی پێش پشوی زستانەی پەرلەمان کاری لەسەر بکرێت و پەسەند بکرێت، بەوپێیەش لەماوەی (24) سەعات بۆ هەفتەیەک لیژنەی یاسایی راپۆرتی خۆی لەسەر ئامادە دەکات بۆ خوێندنەوەی دوەمی پڕۆژە یاساکە، دواتر لەلایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە پڕۆژە یاساکە ئاڕاستەی سەرجەم پەرلەمانتاران و لیژنە پەیوەندیدارەکان کرا بۆ ئەوەی بۆچونی پەرلەمانتاران و راپۆرتی لیژنەکانی لەسەر ئامادەبکرێت.

 

 

.


هەواڵی زیاتر