فراکسیۆنی گۆڕان: لیستی شەھیدان و ئەنفال و زیندانی سیاسی لە خەڵکی ناشایستە پاکدەکرێتەوە
15/01/2020
فراکسیۆنی گۆڕان، جەخت دەکاتەوە موچەی زیندانیانی سیاسی و وارسی شەهیدان نابڕدرێت و دەیانەوێت لیستی شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانی سیاسی لە خەڵکی ناشایستە پاک بکرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ژمارەیەک لە نوێنەرانی زیندانیانی سیاسی سەردانی فراکسیۆنی گۆڕانیان کرد، بۆ وەرگرتنی رونکردنەوە لەسەر پڕۆژە یاسای چاکسازی و لێکەوتەکانی.
بەپێی راگەیەندراوێکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان: لە کۆبونەوەیان لەگەڵ نوێنەرانی زیندانیانی سیاسی، دڵنیاییانداوە کە بەھیچ شێوەیەک موچەی زیندانیانی سیاسی و وارسی راستەقینەی شەھیدان و ئەنفالکراوان نابڕدرێت لە ھیچ بارێکدا.
بەپێویستیان زانیوە؛ کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی، پشتیوانی پڕۆژەی چاکسازی بن کە دەیەوێت لیستی شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانی سیاسی لە خەڵکی ناشایستە پاک بکاتەوە.
فراکسیۆنی گۆڕان دوپاتی کردوەتەوە؛ پێویستە پشتیوانییان بکرێت کە دەیانەوێت لە یاسای چاکسازیدا موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران ببڕدرێت بۆ زیادکردنی خانەنشینی ئەو کەسانەی کە موچەکانیان کەمە.