فراکسیۆنی گۆڕان: بەشێکی زۆری داواکارییەکانمان کرا بە یاسا

16/01/2020

فراکسیۆنی گۆڕان ڕایگەیاند، پەسەندکردنی پرۆژە یاساکە هەنگاوی دەستپێکردنی چاکسازی دەبێت لە هەرێمی کوردستان.
دوای پەسەندکردنی پرۆژە یاسای چاکسازی لە پەرلەمانی کوردستان، فراکسیۆنی گۆڕان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەماوەی رابردوودا هەوڵی جدیان داوە بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و باشترکردنی ژیان و بژێوی هاوڵاتیان، ئەمڕۆ بەشێکی زۆری هەوڵ و خواستەکانیان کرا بە یاسا.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، پاککردنەوەی لیستی شەهیدان، کەسوکاری ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی،لە خەڵکانی نایاسایی، نەهێشتنی دوو موچە، سێ موچە و ڕۆتینات، کاری هەرەلە پێشینەیان بووە، بۆیە ئەمڕۆ دەنگیان پێداوە.
سەبارەت بە خانەنشینی پلە باڵاکان باسی لەوەکرد، خانەنشینیان لە ٪80 کەمکردۆتەوە بۆ ٪15 و ئەوان وەک گۆڕان بەهەموو شێوەیەک خانەنشین بوون ڕەتدەکەنەوە.
پرۆژە یاسای چاکسازی لە موچە، دەرماڵە، خانەنشینی و ئیمتیازاتەکانی دیکە بە کۆی دەنگی 89 پەرلەمانتار پەسەندکرا، دوای پەسەندکردنیشی لەلایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە واژۆ دەکرێت، دواتر ڕەوانەی سەرۆکایەتی هەرێم دەکرێت بۆ ئەوەی واژۆی لەسەربکرێت و لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاودەکرێتەوە، پاشان ڕەوانەی سەرۆکایەتی حکومەت دەکرێت بۆ ئەوەی کاریپێبکرێت.


هەواڵی زیاتر