سەرۆکی فراکسیۆن و پەرلەمانتارانی گۆڕان موچەی خانەنشینی رەتدەکەنەوە

21/01/2020

سەرۆکی فراکسیۆن و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی گۆڕان بە نوسراوی فەرمی کە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیان کردوە، رەتی دەکەنەوە کە دوای تەواوبونی کارەکانی ئەم خولە موچەی خانەنشینی وەربگرن و دەگەڕێنەوە سەر کاری پێشویان.
لە نوسراوێکدا عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان کە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کردوە، ئاماژەی بەوەکردوە کە بەپێی مادەی حەوت، بڕگەی چوار لە یاسای (چاکسازی لە خانەنشینی و موچە و دەرماڵە و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان عێراق)، موچەی خانەنشینی رەتدەکاتەوە و دوای تەواو بونی ئەم خولەی پەرلەمان دەگەڕێتەوە سەر کاری پێشوی.
هاوکات لە دو نوسراوی دیکەدا هەردو پەرلەمانتاری گۆڕان، شیرین ئەمین و شایان کاکەساڵح بە هەمان شێوە موچەی خانەنشینی خۆیان رەتدەکەنەوە و داوایان کردوە کە دوای تەواوبونی خولەکە بگەڕێنەوە سەر کاری پێشویان.
پێشتریش جەلال محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمان ئاماژەی بەوەکردبو کە موچەی خانەنشینی رەتدەکاتەوە و دوای تەواوبونی خولی ئێستای پەرلەمان دەگەڕێتەوە سەر کاری پێشوی.
رەتکردنەوەی خانەنشینی پەرلەمانتاری لەلایەن سەرۆکی فراکسیۆن و ئەندامانی گۆڕانەوە لە پەرلەمان لەکاتێکدایە کە یاسای چاکسازی لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمەوە ئیمزا نەکراوە و بە فەرمی لە رۆژنامەی وەقائعی کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.
پێشتریش رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند؛ دوای بڵاوبونەوەی یاسای چاکسازی لە رۆژنامەی وەقائع و کەوتنەبواری جێبەجێکردنەوە، لە ماوەی (30) رۆژدا فۆڕمی تایبەت بە رەتکردنەوەی موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران ئامادە دەکەن و پەرلەمانتاران دەتوانن پڕی بکەنەوە.


هەواڵی زیاتر