عەبدوڵا مەلا نوری: گۆڕان پێویستییە و دەبێت بەهێز بێت
24/09/2018
عەبدوڵا مەلا نوری جەخت دەکاتەوە لەوەی کە ململانێی
گۆڕان جگە لە هێزەکانی ناوخۆ، لەگەڵ ئەو هێزە دەرەکییانەشە کە کورد بە هاوڵاتی
پلەوە دو دەزانن، دەشڵێت: دەسەڵات لە هەرێم گۆڕان بە مەترسی دانەزێت بۆ سەر خۆی.
عەبدوڵا مەلا نوری، هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان لە
دیمانەیەکیدا لەگەڵ کەناڵی (کەی ئێن ئێن) رایگەیاند؛ سەرباری رەخنە و تێبییەکان
لەسەر گۆڕان، بەڵام گۆڕان پێویستییە و دەبێت بەهێز بێت، چونکە بە لاوازبونی گۆڕان،
دیموکراسیی لە هەرێم پاشەکشە دەکات.
وتیشی: گۆڕان ئەو هێزە نییە کە خیانەتی کردبێت و
بەشداربوبێت لەو نەهامەتییانەی بەسەر خەڵکدا هاتوە، بەڵکو گۆڕان بەشێک بوە لە پڕۆژەی
هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە، بۆ بەردەوامی ئەم هێزەش دەبێت هاوڵاتیان بە جددی پشتیوانی
بزوتنەوەکە بکەن.
عەبدوڵا مەلا نوری رونی کردەوە، دەسەڵات لە هەرێمی
کوردستان، گۆڕان بە مەترسی بۆ سەر خۆی دەزانێت، بۆیە دەبێت هاوڵاتیان پشتیوانی
گۆڕان بن، چونکە گۆڕان کار دەکات بۆ ئەوەی خەڵک خاوەنی بڕیار بێت، ئەمەش وایکردوە
ببێتە هەڕەشە بۆ سەر گروپەکانی ناو دەسەڵات.
وتیشی: ململانێی گۆڕان تەنها لەگەڵ یەکێتی و پارتی نییە،
بەڵکو لەگەڵ ئەو هێزە دەرەکییانەشە کە کورد بە هاوڵاتی پلە دو دەزانن.
جەختی کردەوە کە نابێت هاوڵاتیان بیر لە بایکۆت
بکەنەوە، چونکە بایکۆت لە زیانی بەرەی ئۆپۆزسیۆنە و لە بەرژەوەندی یەکێتی و
پارتییە، لەبەرامبەردا دەبێت لایەنگرانی یەکێتی و پارتی سزای حیزبەکانیان بدەن.
داوای لە هاوڵاتیان کرد بە گڕوتینی بەهێزە بەشداری
هەڵبژاردنەکان بکەن و هەوڵی سەرخستنی لیستی ژمارە (148)ی بزوتنەوەی گۆڕان
بدەن و گۆڕان بکەنە هێزی یەکەمی کوردستان، تا بە فراکسیۆنێکی بەهێزەوە
بچێتە پەرلەمان و داکۆکیکاری ماف و داواکاریی و بەرژەوەندییەکانیان بێت.