لیژنەی سامانە سروشتیەکانی پەرلەمان سەردانی کێڵگەی غازی کۆرمۆری کرد

06/02/2020

لیژنەی سامانە سروشتیەکانی پەرلەمانی کوردستان، سەردانی کێڵگەی غازی کۆرمۆری کرد و رایانگەیاند کە هیچ کێشەیەک لە بارکردنی غاز نەماوە و وەک جاران غاز باردەکرێت.

عەلی حەمە ساڵح سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتیەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، کۆمپانیاکە دڵنیاییان پێداون، کە نرخی غاز گران نابێت و  وەک خۆی دەمێنێتەوە.

سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتیەکان وتیشی، ئەوەی رویداوە پەیوەندی بە دانا غازەوە نیە، بەڵکو پەیوەندی بە لایەنی ئەمنیەوە هەیە کە لە رێگا تەقە لە ئۆتۆمبیلەکان دەکرێت.
ئاشکراشیکرد تا ئێستا ٢٢ ئۆتۆمبیل تەقەی لێکراوە.

هاوکات پێشەوا هەورامی پەرلەمانتاری پارتی و ئەندامی لیژنەی سامان سروشتیەکان رایگەیاند، ئەو ٢٢ ئۆتۆمبیلەی تەقەیان لێکراوە، جاریکی تر ناتوانن کار بکەن، بەهۆی ئەوەی  فیشەکیان بەرکەتوووە لە تاقیکردنەوەی سەلامەتی دەرناچن.

وتیشی، بڕوامان وایە پلانی تەقەکردنەکە ئەوەبێت، زۆرینەی ئۆتۆمبیلەکانی کۆمپانیاکە لەکاربکەون و کۆمپانیاکە نە توانێت غاز دابین بکات.

هەر لە کۆنگرەکەدا کاروان گەزنەیی پەرلەمانتاری یەکێتی و ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتیەکان وتی، نازانین کێ تەقەی کردوە،بەڵام نابێت خەڵکی بەرژەوەندی خواز تەقە بکات و بیخانە سەر لایەنێکی دیاریکراو.

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی ئاشکراشیکرد، چەند رۆژێکە رێگری لە بارکردنی غاز نەکراوە و دڵنیای خەڵک دەکەینەوە هەموو رێگرییەکان لادەبەین و کێشەکە چارەسەردەکەین.


هەواڵی زیاتر