کاردۆ محەمەد: ئەرکى فراکسیۆنى گۆڕان چاودێریکردنى حکومەتە لەو بەڵێنانەى بۆ چاکسازى دراون

27/02/2020

رێکخەرى ژوورى پەرلەمانى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت، لە ئەجێنداى بزوتنەوەى گۆڕاندا پەرلەمان بایەخێکى گرنگى هەیە و گۆڕان کار بۆ ئەوە دەکات پەرلەمان ببێتە ناوەندى بڕیار بۆ هەموو پرسە چارەنوسسازەکان، ئاماژە بەوە دەکات؛ پێویستە هەرێم ببێتە خاوەنى دەستورێکى دیموکراتى و سیستمى یاسایى هەموار بکرێتەوە.

کاردۆ محەمەد رێکخەرى ژوورى پەرلەمانى بزوتنەوەى گۆڕان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دیجیتاڵ میدیاى (KNN)، باس لە بایەخى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ کارى پەرلەمانیى دەکات و بەگرنگیشى دەزانێت هەرێمى کوردستان ببێتە خاوەنى دەستورێکى دیموکراتى و یاساى هەڵبژاردنەکانیش لە هەرێم هەمواربکرێتەوە.

* لە پەیکەرى رێکخراوەیى بزوتنەوەى گۆڕاندا، یەکێک لە ژوورەکانى بزوتنەوەى گۆڕان تایبەتە بە ژوورى پەرلەمان، بایەخ و گرنگى ئەم دامەزراوەیە لاى ئێوە چییە، پەرلەمان لە کوێى ئەجێنداى بزوتنەوەى گۆڕاندایە؟
 کاردۆ محەمەد: یەکێک لەو دامەزراوانەى کە لەلاى بزوتنەوەى گۆڕان وەک دامەزراوەى بنچینەیى و بنەڕەتى سیستەمى سیاسى بوونى هەیە؛ پەرلەمانە، کە سەرچاوەى رەوایەتیدانى دەسەڵاتى میللەتە، بزوتنەوە گۆڕان هەر لەسەرەتاى دامەزراندنیەوە هێزى هەڵبژاردن بووە، بەو مانایەى پشتبەستوو بۆ جێبەجێکردنى بەرنامەکانى لە رێگەى هەڵبژاردنەوە بووە بە ئیرادەى خەڵک، پێویستە لە ڕوى دامەزراوەییەوە تایبەتمەندێتى بدرێتە ئەو دامەزراوانە.
لە ئەجێنداى بزوتنەوەى گۆڕاندا پەرلەمان بایەخێکى گرنگى هەیە، لەبەرنامەى بزوتنەوەکەدا پەرلەمان رۆڵێکى کارا و چارەنووسسازى هەیە لەو ئەرکانەى دەکەوێتە سەر دامەزراوەکە بەتایبەت ئەرکى یاسادانان، لەکاتێکدا ئەم دامەزراوەیە دەتوانێت ئەو رۆڵەى خۆى بگێڕێت کە سەروەرى یاسا بوونى هەبێت، دەمانەوێت سیستمى یاسایى لە هەرێمدا هەموار بکرێتەوە بەتایبەت ئەو یاسایانەى بەسەرچوون یاخود جێبەجێ ناکرێن.

* کەواتە بوونى دەستورێک بۆ هەرێمى کوردستان چ رۆڵێکى لە چەسپاندن و رێکخستنەوەى بنەما یاساییەکاندا هەیە؟
کاردۆ محەمە: ستراتیژى بزوتنەوەى گۆڕان هەبوونى دەستورە لە هەرێمى کوردستان کە دەستورێکى دیموکراتى بێت.
چەند بنەمایەکى دەوڵەتدارى هەیە لە کارنامەى بزوتنەوەى گۆڕاندا جێى کراوەتەوە، کە بزوتنەوەى گۆڕان ئۆپۆزسیۆن بێت یان لە دەسەڵات کاریان لەسەر دەکات، رێککەوتنى سیاسى بزوتنەوەى گۆڕانیش لەسەر جێبەجێکردنى ئەو بنەمایانە، کە دەمانەوێت لە ستراتیژى خۆماندا بنچینەى دەوڵەتدارى رێکبخەینەوە کە دەکەوێتە چوارچێوەى بەرنامەى چاکسازیەوە.

 ستراتیژى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ کارى پەرلەمانیى چییە؟
کاردۆ محەمەد: ستراتیژى کارى بزوتنەوەى گۆڕان بریتیە لەوەى کە پەرلەمان ببێتە ناوەندى بڕیار بۆ هەموو پرسە چارەنوسسازەکان کە دەربڕى ئیرادەى خەڵکە، بزوتنەوەى گۆڕان لەلایەنى یاسایى و سیاسى و رۆشنبیریەوە کار بۆ جێبەجێکردنى ئەو ستراتیژە دەکات.

 لەسەروبەندى هەڵبژاردنەکاندا تێبینیتان لەسەر پرۆسەکە هەبوو، چۆن لەیاساى هەڵبژاردنەکان دەڕوانن؟
کاردۆ محەمەد: دەبێت لە هەرێمى کوردستان یاسای هەڵبژاردن هەمواربکرێتەوە، وابکرێت هەڵبژاردن ئامڕازێک بێت بۆ ئەنجامدانى پرۆسەیەکى پاک و بێگەرد و بتوانێت ناوەندى دەسەڵات لە حیزبەوە بخاتە ناو پەرلەمان.

بزوتنەوەى گۆڕان بەشدارى لە حکومەتدا کردوە، ئەم بەشداریکردنە گرفت بۆ کارى پەرلەمانیى فراکسیۆنەکەتان دروست ناکات؟
کاردۆ محەمەد: راستە بزوتنەوەى گۆڕان بەشدارە لە حکومەت، بەڵام کارى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان بەتایبەت لە وەرزى نوێى یاساداناندا، پێشنیارى ئەو یاسایانەیە کە پەیوەندى بەژیانى خەڵکەوە هەیە و دەتوانێت مافى هاوڵاتى بپارێزێت، ئەرکى فراکسیۆنەکەمانە چاودێری ئەو بەڵێنانەى حکومەت بکات کە بۆ چاکسازى دراوە.

 بەڵام بزوتنەوەى گۆڕانیش کۆمەڵێک بەڵێنى لەکاتى هەڵبژاردنەکاندا بەخەڵکداوە...
کاردۆ محەمەد: لە ئۆپۆزسیۆن بین یان لە دەسەڵات؛ بەرگرى لەو بەڵێنانە دەکەین کە بەخەڵکى کوردستانمانداوە، پێمانخۆشە خەڵکى کوردستان لە ئەنجامى ئەو کاتەدا کە بە ئێمەیانداوە، پرسیارمان لێبکەن لەو ماوەیەدا کە لە پەرلەمان و حکومەتداین چیمان بۆ کردوون.

 ئەولەویەتى کارەکانى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى عێراق چییە؟
کاردۆ محەمەد: لە بەغدا کێشەیەکمان هەیە کە کێشەى نیشتیمانیى کورد و مافى دەستوریى کوردە، ئەم بابەتە لە ستراتیژى بەرگرى بزوتنەوەى گۆڕاندایە، بەو ئاڕاستەیەى چۆن بتوانین بەشداریمان رۆڵى هەبێت لە پاراستنى ئەو مافانەى کە پەیوەندى بە (خاک، سامان، بودجە، هاوبەشیى راستەقینە و مافى هاوڵاتیان)ـەوە هەیە، کە فراکسیۆنەکەمان لە پەرلەمانى عێراق کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکات.



هەواڵی زیاتر