یادی راپه‌رین و تاجی سه‌ركه‌وتنه‌كان و نه‌ورۆزی جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیتان پیرۆز

20/03/2020

یادی نه‌ورۆزو رزگاركردنی كه‌ركوك
كه‌ركوكییه‌ به‌ئه‌مه‌ك و كۆڵنه‌ده‌ره‌كان
هاوڵاتییانی سه‌ربه‌رزی ناوچه‌ كوردستانییه‌ دابڕێنراوه‌كان   
یادی راپه‌رین و تاجی سه‌ركه‌وتنه‌كان و نه‌ورۆزی جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیتان پیرۆز
 
ئه‌مڕۆ بیست و نۆ (29) ساڵ به‌سه‌ر داستان و نه‌به‌ردی و قاره‌مانێتییه‌كی كه‌موێنه‌ی مێژوی گه‌له‌كه‌ماندا تێده‌په‌رێت. ئه‌م داستانه‌ له‌ قۆناغێكی مێژویی ناهه‌وسه‌نگی هێزو نابه‌رامبه‌ری و پر كاره‌ساتدا تۆمار كرا، له‌ رۆژگارێكدا هێشتا سێ (3) ساڵ به‌سه‌ر كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌و پڕۆسه‌كانی ئه‌نفال و وێرانكردنی گوندو لادێكانی كوردستاندا تێنه‌په‌ڕیبو، گه‌لی كورد له‌ دۆخێكی ده‌رونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوریی تێكشكاودا ده‌ژیا و، له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش ده‌نگی كورد بۆ گه‌یاندنی مه‌ینه‌تییه‌كانی كپ كرابوو، له‌ قۆناغی بێهیوایی و شه‌وه‌زه‌نگی ئه‌و رۆژگاره‌دا به‌رنامه‌و نه‌خشه‌ی راپه‌رین و سازدانی جه‌ماوه‌ر بۆ رزگاركردنی شاره‌كان دانرا، نمونه‌ی ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ش له‌ رزگاركردنی كه‌ركوك و گه‌رمیاندا ره‌نگی دایه‌وه‌و، گورزێكی گورچكبڕی له‌ مێژوی په‌نجا ساڵه‌ی سیاسه‌تی ته‌عریب له‌ ناوچه‌كه دا ‌و، له‌ بناغه‌وه‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌ی هه‌ڵته‌كاند. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌توانرا پارێزگاری له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی ئه‌و راپه‌رینه‌ بكرێت، دوای ته‌نها نۆ (9) رۆژ له‌ ئازاكردنی شاره‌كه‌ له‌ هێرشێكی پێچه‌وانه‌دا رژێمی به‌عس ناوچه‌كه‌ی داگیر كرده‌وه‌.

ئه‌مڕۆ له‌ كاتێكدا یادی ئه‌و داستانه‌ مه‌زن و مێژوییه‌و ئاهه‌نگی سه‌ری ساڵی كوردی ده‌كه‌ینه‌وه، مه‌ترسیی نه‌خۆشییه‌كی كوشنده‌مان له‌سه‌ره‌ و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌سه‌ر ته‌واوی مرۆڤایه‌تی، به‌ تایبه‌ت كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ به‌ هۆی لاوازیی سیسته‌می ته‌ندروستی و به‌رگریمانه‌وه ‌ئه‌ركی خۆپارێزی و ره‌چاوكردنی رێنماییه‌كانمان له‌سه‌ره. هه‌روه‌ها  له‌ روی سیاسیشه‌وه‌ كۆمه‌ڵگاكه‌مان به‌ گشتی و‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌ دابڕێنراوه‌كان به‌تایبه‌ت به‌ قۆناغێكی زۆر هه‌ستیارو پڕ مه‌ترسیدا تێده‌په‌ڕن، سه‌ره‌ڕای روخانی رژێمی به‌عس و بونیادنانه‌وه‌ی عێراقی نوێی فیدراڵی  و رێككه‌وتن له‌سه‌ر ده‌ستورێكی هه‌میشه‌یی بۆ عێراق كه‌ مافی هه‌مو پێكهاته‌كانی تێدا پارێزراو بێت، كه‌چی هیشتا فیدراڵیزم له‌ عێراقدا هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ره‌و هه‌ندێك لایه‌ن له‌ رێگای به‌كارهێنانی هێزو‌ خۆسه‌پاندنی تاكلایه‌نه‌و په‌راوێزخستنی ئه‌وانی دیكه‌ كار ده‌كه‌ن. پابه‌ندنه‌بون به‌ ده‌ستور زیانێكی گه‌وره‌ی به‌ عێراق به‌ گشتی و ناوچه ‌كوردستانییه‌ دابڕێنراوه‌كان به‌تایبه‌ت گه‌یاندوه‌، نه‌بونی متمانه‌و نزمیی ئاستی خزمه‌تگوزاری و بێكاری و پیسبونی ژینگه‌و بڵاوبونه‌وه‌ی نه‌خۆشی سیمای سه‌ره‌كی ئه‌م ناوچانه‌ پێكدێنن. بۆیه‌ له‌م یاده‌ پیرۆزه‌دا و له‌م ره‌وشه‌دا،‌ ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی و نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی له‌سه‌ر شانی هه‌مومانه‌ به‌ بێ جیاوازیی حیزبی و ئاینی و ناوچه‌یی، به‌ڵكو وه‌كو مرۆڤ و وه‌كو كورد پێویسته‌ به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ به‌ مێژوی بیست و نۆ (29) ساڵی رابردوماندا بچینه‌وه‌و په‌نجه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵه‌و كه‌موكوتییه‌كانمان دابنێین، هه‌تا بتوانین ئه‌ركی میژویی خۆمان جێبه‌جی بكه‌ین كه‌ بریتییه‌ له‌ پاراستنی ناوچه‌ كوردستانییه‌ دابڕێنراوه‌كان وه‌كو به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی‌، بۆیه‌ داوا ده‌كه‌ین:-
1-له‌سه‌ر ئاستی حكومه‌تی هه‌رێم، له‌ پرسی دانوستان و رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ناوه‌ند گرفتی ناوچه‌ كوردستانییه‌ دابڕێنراوه‌كان جه‌وهه‌رو بناغه‌ی گفتوگۆو رێكه‌وتنه‌كانی بێت. ئه‌م پرسه‌ له‌ قاڵبی حیزبی و كه‌سی ده‌ربكرێت و ده‌زگاو دامه‌زراوه‌یه‌كی بۆ بونیاد بنرێت.
2-له‌سه‌ر ئاستی حكومه‌تی عێراق، به‌پێی ده‌ستور و ماده‌ی (140) مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م ناوچانه‌دا بكات، تا یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی چاره‌نوسیان به‌ هاوبه‌شی به‌رێوه‌ببرێن و رێگا نه‌دات به‌ ناوی جیاجیاوه‌ شاڵاوێكی تری ته‌عریب ئه‌م ناوچانه‌ بگرێته‌وه‌.
3- له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم و به‌غدا پێكه‌وه،‌ داوا ده‌كه‌ین مه‌ترسییه‌كانی شه‌ڕو تیرۆرو توندوتیژی له‌سه‌ر ناوچه‌ كوردستانییه‌ دابڕێنراوه‌كان نه‌مێنێت و دڵنیایی و سه‌قامگیریی ده‌رونی بدرێت به‌ دانیشتوانه‌كه‌ی تا سیمای وێرانكاریی رابردو بسڕێته‌وه‌و ناوچه‌كه‌ جۆرێك له‌ ئاوه‌دانی و گه‌شه‌كردن به‌ خۆوه‌ ببینێت.   
له‌ كۆتاییدا جارێكی تر پیرۆزبایی یادی بیست و نۆ (29) ساڵه‌ی راپه‌رینی كه‌ركوك و جه‌ژنی نه‌ورۆز له‌ گه‌له‌كه‌مان ده‌كه‌ین.
 نه‌مری بۆ شه‌هیدانی راپه‌رین.. سه‌ربه‌رزی بۆ كه‌سوكاریان.. به‌رده‌وامی بۆ رێگای هێنانه‌دی ئامانجه‌كانیان..
ژوری ناوچه‌ كوردستانییه‌ دابڕێنراوه‌كان
19/ 3/ 2020           ‌  ‌  ‌    


هەواڵی زیاتر