عەلى حەمە ساڵح: بە جێبەجێکردنى چوار بڕیار (150) ملیۆن دۆلارى مانگانە بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە
24/03/2020
سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان رایدەگەیەنێت؛ تەنها بە جێبەجێکردنى چوار بڕیار مانگانە (150) ملیۆن دۆلار بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە.
عەلى حەمە ساڵح، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان رونى دەکاتەوە کە چوار دۆسیەی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی ھەن کە لە رابردو ئێستادا زۆرترین رەخنەیان لێی ھەبوە و دەڵێت: "بەدواداچون و راپۆرتمان بۆ ئەو دۆسیانە هەبوە و رۆژی (22/3/2020) حکومەتی ھەرێم بڕیاریدا بە پێداچونەوە بە ھەر چوار بوارەکەدا، جێبەجێبەجێکردنی بڕیارەکان بەباشی و چاوپۆشی نەکرد لە ھیچ بەرپرس و کۆمپانیایەک مانگانە (150) ملیۆن دۆلار دەگەڕێنێتەوە خەزێنەی دەوڵەت".
ئەو دۆسیانەى سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان ئاماژەى بۆ دەکات؛ بڕیار دانە بە پێداچونەوەی وەرگرتنی باج لە کۆمپانیاکانی بواری نەوت و غاز و ئەو کۆمپانیا ناوخۆییانەی گرێبەستی خزمەتگوزاریان لەگەڵ کۆمپانیاکانی بواری نەوت ھەیە، کۆمپانیاکانی ئاسایشی بواری نەوت و کۆمپانیاکانی بواری ئینتەرنێت و گوندەکانی نیشتەجێبون، لەگەڵ رێکخستنەوەى ئەو کۆمپانیایانەى لە خاڵە سنوریەکان بە ناوی جیاوازەوە سەرقاڵی پارە وەرگرتنن و داھاتی مانگانەیان بە تێكڕا لەسەرجەم خاڵە سنوریەکان نزیکەی (50) ملیۆن دۆلارە.
هاوکات پێداچونەوە بە لێخۆشبونی گومرگی و رێگریکردن لە قاچاخی لە سەرجەم خاڵە سنوریەکان، دو دۆسیەى دیکەن کە سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان ئاماژەى بۆ دەکات.
لەگەڵ ئاماژەکردن بەوەى هەر چوار دۆسیەکە لە حکومەتەوە بڕیاریان بۆ دەرچوە، عەلى حەمە ساڵح دەڵێت: "ئەگەر ئەم بڕیارانە وەک خۆی و بەبێ چاوپۆشی لەکەس جێبەجێ بکرێت، ئەوکات دەتوانین بڵێین چاکسازی دەکرێت، ئەگەر جێبەجێبەجێش نەبو ئەرکی ئێمە قسە و ھەڵوێستە".