فراکسیۆنی گۆڕان: هەڵگرتنی پارێزبەندی سیناریۆیەکی سیاسییە

07/05/2020

فراکسیۆنی گۆڕان وەک یەکەم فراکسیۆن بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانی کرد و رایگەیاند: هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران، سیناریۆیەکی سیاسییە و ناچینە ژێر باری سیناریۆی هیچ لایەن و گروپێکی سیاسی.

عەلی حەساڵح، سەرۆکی فراکسی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: بایکۆتی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستانمان کرد، کە پەیوەندی بە هەڵگرتنی حەسانە هەیە لەسەر ژمارەیەک پەرلەمانتار.

جەختی کردەوە؛ کە مەبدەئی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ هەڵگرتنی پارێزبەندیی سەر پەرلەمانتاران نییە و پێمانوایە ئەوە مەسج و پەیامێکی سیاسییە بۆ گۆڕان و فراکسیۆنەکەی، بەتایبەت کە سەرەتا هەڵگرتنی حەسانە بو لەسەر حەوت پەرلەمانتار، دواتر کورتکرایەوە بۆ چوار پەرلەمانتار.

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان رایگەیاند: لەگەڵ ئەوەنین حەسانە تەنها لە یەک کەس هەڵبگیرێت، ئەگەر بابەتە یەکسانییە با حەسانە لەسەر سەرجەم پەرلەمانتاران هەڵبگیرێت.

عەلی حەمەساڵح ئاشکرای کرد؛ ئێمەیان ئاگادار کردەوە، ئەگەر بەشداریی بکەین چۆن بمانەوێت بەوشێوەیە دەبێت، بەڵام ئێمە بەشداری کۆبونەوەیەکی لەوشێوەیە ناکەین، چونکە ئەمە لە سیناریۆی سیاسی دەچێت.

وتیشی :"ئێمە هەشت دەعوامان لەسەرە داوای یەک ملیار بۆ سێ ملیار دینارمان لێ دەکرێت و ئامادەشین بچینە بەردەم دادگا، بەڵام نابینە بەشێک لە سیناریۆی هیچ کەس و لایەن گروپێک".

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان رایگەیاند: خەڵک موچە و گوزەرانی نییە، بەپێی دوا راپۆرتی کۆمپانیای دیلۆت (60%)ی داهاتی نەوت ناچێتە خەزێنەی وەزارەتی دارایی، پێمانوابو دانیشتنی پەرلەمان لەسەر خاڵە سنورییەکان و داهات دەکرێت نەک ئەوانە".

جەختی کردەوە کە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان دەریخست کەحکومەت یان پارتی، چی بوێت ئەوە دەکات لە پەرلەمان، ئەمەش جێگەی پرسیارە لەسەر هێزو لایەنە سیاسییەکان، بۆیە بە خەڵک و پارتی دیموکراتیشمان وت ئێمە بەهەمو شتێک رازی نین.


هەواڵی زیاتر