کاردۆ محەمەد: ناهێڵین فراکسیۆنی گۆڕان بخرێتە ناو هیچ سیناریۆیەک
09/05/2020
رێکخەری ژووری پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، پەرلەمانی کوردستان نەیتوانیوە ببێتە ناوەندی بڕیار و هەمیشە چاوەکان لەسەر ئەوەبوون پەرلەمان بچوکبکرێتەوە، دەشڵێت: پشتیوانی فراکسیۆنەکەمان دەکەین و کارەکانی ئەوان گوزارشت لە رای بزوتنەوەکە دەکات، ناهێڵین بچنە ناو هیچ سیناریۆیەک کە بیانەوێت لەکەداریان بکەن.
کاردۆ محەممەد رێکخەری ژوری پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێکدا بۆ میدیای گۆڕان رایگەیاند، پەرلەمان دەسەڵاتێکی بەهێزە و دەبێت نوێنەرایەتی گەل دەبێت بکات، بەڵام بەداخەوە لە کوردستان بە زۆر هۆکار نەتوانراوە ببێتە ناوەندی بڕیار و بڕیارەکان لەدەرەوە دەدرێت، هەربۆیە سیناریۆی وا رێکدەخرێت کە پەرلەمان لەبری رۆڵبینین لە تێپەڕاندنی قەیرانەکان؛ بچوکبکرێتەوە و لاوز بکرێت.
پەرلەمانتارانی گۆڕان کاریان لەسەر ئەنجامدانی چاکسازی کردوە
لە بارەی تێڕوانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ کارابوونی رۆڵی پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان، کاردۆ محەمەد وتی: "ئیمە وەک گۆران بڕوامان بە پەرلەمان هەیە، پێمانوایە خەباتی پەرلەمانی دەتوانێت گۆرانکاری بکات و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات بکات بە پشتیوانی خەڵکی کوردستان، دەمانەوێت پەرلەمان ببەینەوە سەر ئەو سکەیەی کە وەک دەزگایەکی یاسادانان و رۆڵی چاودێریکردن کارەکانی خۆی بکات و شکۆی پەرلەمان بگەڕێنینەوە".
رێکخەری ژوری پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت: تائێستا پەرلەمانتارانی ئێمە بە بڕوایەکی بە هێزەوە ویستویانە ڕۆڵ بدەنە پەرلەمان و گوزارشتیان لە بنەماکانی گۆڕان و ئەو چاکسازیانە کردووە کە گۆران دەیەوێت، بە پشتیوانی خەڵکی خۆمان و پەرلەمانتارەکانمان رێگە نادەین پەرلەمان پەکبخرێت لە جیبەجێکردنی ئەرکەکانی کەنوێنەرایەتی خەڵکە.
گۆڕان چ پەرلەمانێکی دەوێت؟
لەبارەی ئەوەی کە ئایا بزوتنەوەی گۆڕان چ جۆرە پەرلەمانێکی دەوێت و کار و ئەرکەکانیان چۆن رێکبخرێت، کاردۆ محەمەد ئەوە دەخاتەڕوو، کە گۆڕان پەرلەمانێکی دەوێت دەربڕی رای خەڵکی کوردستان بێت و بتوانێت لێپیچینەوە لە حکومەت بکات و بەدواداچون بۆ کەیسەکانی گەندەڵی بکات و بتوانێت دامەزراوەکان بە یاسا سەربەخۆ بکات، پەرلەمانێک؛ بتوانیت بودجە پەسەند بکات و متمانە لە کەسانی گەندەڵ وەربگرێتەوە و ڕۆڵی هەبێت لە یەکلاکردنەوەی پرسە چارەنوسسازەکانی کوردستاندا.
دەشڵێت: "دەمانەوێت یاسا بۆسەر رەفەکان نەبێت و بۆ جێبەجیکردن بێت، هەتا هێزێکی نیشتیمانی دروست نەبێت و چەکداری حزبی بوونی هەبێت، سەروەربوونی یاسا و سەربەخۆ بوونی دامودەزگاکان کێشەیەکی گەورەیە، هەوڵەکانی ئێمە و بونی ئێمە لەهەرشوێنێک بێت بۆ ئەو ئامانجانەیە کە لە هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنمانداوە جێبەجێی بکەین.
نامانەوێت پەرلەمان ببێتە قوربانی
"نامانەوێت پەرلەمان ببێتە قوربانی، هەوڵدان بۆ بچوککردنەوەی پەرلەمان، لێدانە لە ناوەندێک کە دەربڕی رای خەڵکی کوردستانە" کارۆدۆ محەمەد وای وت.
رێکخەری ژوری پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان باس لەوەش دەکات، کە هێزێکی راگەیاندن هەیە و دەیەوێت خزمەت بەو سیاسەتە بکات کە کار لەسەر بچوککردنەوەی پەرلەمان دەکەن.
ئەو پێیوایە؛ دەبێت هەموو ئاراستەکان بەرەو ئەوە بێت، کە رێگە نەدرێت پەرلەمان ببێتە قوربانی، بەڵکو ناوەندێک بێت بۆ دەربڕینی ویستی داخوازییەکانی خەڵک.
خەڵکی کوردستان دەتوانن رۆڵیان هەبێت
کاردۆ محەمەد راشیگەیاند، ئەور ێگایەی گرتومانەتەبەر رێگای هەڵبژاردنە، پێمانوایە خەڵکی کوردستان بە پشتیوانی و بەشداریکردنی نوێنەرەکانیان دەتوانن ڕۆڵیان هەبێت لەهەر پرسێکدا کە پەیوەندی بە هەڵبژاردن و دیموکراسیەوە هەبێت و لە هەموو روداوەکاندا پشتیوانی ئەو نوێنەرانەبن کە دەربڕی خواست و ویستی ئەوانن، چونکە پەرلەمان شوێنێکە کە نابێت فەرامۆش بکرێ؛ وەک ئەوەی هەندێک خەڵک کاری بۆ دەکات.
فراکسیۆنی گۆڕان دەربڕی پەیامی خەڵکە
کاردۆ محەمەد وتیشی: تائێستا بزوتنەوەی گۆڕان و فراکسیۆنەکەی و پەرلەمانتارەکانی، دەربری ئەو پەیامەن کە خەڵک دەنگی پێداوە.
راشیگەیاند، فراکسیۆنی گۆڕان خەڵکی بەتوانای هەیە و کار بۆ هەموو ئەو بەرنامانە دەکەن کە بزوتنەوەی گۆڕان کاری بۆ دەکات لەپێناو چاکەی گشتیدا، ناهێڵین فراکسیۆنەکەمان بچێتە ناو هیچ سیناریۆیەک کە بیانەوێت لەکەداریان بکەن.
کاردۆ محەممەد رێکخەری ژوری پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەشی خستەڕوو، کە پەرلەمان شێوازێکە لەو شێوازانەی کە دەیانگەیەنێتە ئامانجەکان، وتیشی؛ جگە لە پەرلەمان رێگای دیکە نابینین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
کێشەکە دەسەڵاتی دادوەریە نەک هەڵگرتنی پارێزبەندی
لەبارەی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار، رێکخەری ژووری پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، ئەگەر هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار لە رواڵەتدا پرسێکی یاسایی بێت، بەڵام گرفتەکە بابەتی دەسەڵاتی دادوەریە لە هەرێمی کوردستان، چونکە یەکێک لە گرفتە گەورەکان پرسی دەسەڵاتی دادوەریە، کە نەتوانراوە وەک دەزگایەکی پارێزراوبێت، ئەگەر توانرا سەربەخۆیی و ئازادی دەسەڵاتی دادوەری پارێزراوبێت، ئەوکات گەرەنتی دەبێت بۆ پاراستنی کەسایەتی و شکۆی هەموو کەس و هاوڵاتیەک کە دەتوانێت بە ئاسایی بچێتە بەردەم دادگا، چونکە پاراستنی سەربەخۆیی دادگا دەبێتە زامنێکی بەهێز بۆ سەروەری یاسا و پاراستنی کەسایەتی تاک.