بەهار مەحمود: گۆڕان بەرنامەی حکومەتی بەلاوە گرنگە نەک پۆست

21/10/2018

د.بەهار مەحمود پێیوایە پرسی ریفراندۆم زیانی گەورەی بە دۆزی کورد گەیاندوە
و چەندین هەنگاو پاشەکشەی پێکردوە، بەغدا ئێستا وەک لایەنێکی دۆڕاو مامەڵە لەگەڵ
کورد دەکات و کورد لاوازترە لە پێشو.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی (کەی.ئێن.ئێن)، د.بەهار مەحمود
پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەختی کردەوە، کە بزوتنەوەی
گۆڕان بەرنامەی کابینەی حکومەتی بەلاوە گرنگە نەک پۆست، بەڵام یەکێتی و پارتی
بەدوای بەرژەوەندی خۆیاندا دەگەڕێن و دەیانەوێت لە رێگەی بەرکەوتەی هەڵبژاردنەوە
پۆستی زیاتر بەدەستبهێنن.

ئەو پەرلەمانتارە بەپێویستی دەزانێت؛ کورد جەخت لەسەر بەرنامەی حکومەت بکاتەوە
و ئەو مافانەی کورد کە لە دەستوردا چەسپێنراوە بەرجەستەی بکات، دەبێت شەڕی بەرنامە
و خاکی کوردستان بودجەی خەڵکی کوردستان بکات نەک پۆست.


* قۆناغی گۆڕانکاری بەسەر حوکمڕانی عێراقدا بە فۆڕمێکی جیاوازتر لە پێشو
دەستپێدەکات، هەم بۆ هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی جیاواز دەچێتە بەغدا، هەم بۆ
عێراقیش دەیەوێت فۆڕمێکی نوێ لە حکومڕانی بهێنێتە کایەوە بە جۆرێک کە حکومەتێکی
تەکنۆکرات بێت، ئەمە تا چەند هەوڵێکی جدییە؟

بەهار مەحمود: ئەم هەوڵەی ئێستا لە ئارادایە بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق
جیاوازترە لە پێشو، کە لە رێگەی (سی.ڤی) و لەسەر بنەمای پسپۆڕی هەوڵی دانانی
وەزیرەکان دەدرێت، ئەمە وەک هەنگاوێکی باش بۆ سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو ئەژمار
دەکرێت، بەڵام لەهەمانکاتدا جۆرێک لە ئاستەنگی لەبەردەم سەرۆک وەزیرانی راسپێردراودا
هەیە، ئەو حکومەتەی عادل عەبدولمەهدی رایدەگەیەنێت، رەنگدانەوەی هەمو خەڵکی عێراق
نییە، لەبەر چەند هۆکارێک لەوانە لەبەر کەمیی رێژەی بەشداریی هاوڵاتیان لە
دەنگدان، هەروەها ئەو ساختەکارییەی لە هەڵبژاردنەکەی (12)ی ئایار کرا وادەکات
رەنگدانەوەی ویست و ئیرادەی هەمو خەڵکی عێراق نەبێت.

هۆکارێکی دیکەی شێوازەکەی بۆ پێکهێنانی حکومەت لە رێگەی پێشکەشکردنی سی
ڤیەوە، لەگەڵئەوەی پشتیوانی لەو شێوازە دەکەم، بەڵام پێموانیە بە تەواوی تیایدا
سەرکەوتو بێت، چونکە عەقڵیەتی حوکمڕانی لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش ماویەتی
بگاتە ئەو ئاست و هەنگاوە، هیوادارم لەم بۆچونەم هەڵە بم، بەڵام پێموایە ئاستەنگی
بۆ دروست دەکرێت کە بە تەواوی کابینەکەی بەو شێوازە پێکبهێنێت.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان جیاواز لە جارەکانی تر، بەهۆی ئەو ریفراندۆمەی
کراو بوە هۆی لە دەستدانی (51%) خاکی هەرێمی کوردستان، چەندین هەنگاو بەرەو دواوە
گەڕاوینەتەوە، لەبەرئەو هۆکارە دەبێت هەنگاوی زۆر بنرێت، یەکەمجار بۆ ئەوەی
بگەڕێینەوە ئاست و شوێنی جاران و پێویستی بە یەکڕیزییە، ئەو یەکڕیزیەی یەکێتی و
پارتیش باسی لێوە دەکەن پێویستە لە کوردستانەوە سەرچاوە بگرێت، تۆ لە کوردستان
شەراکەت ناکەیت و دەتەوێت ئەوانی تر بسڕیتەوە و تەزویر و ساختەکاریی دەکەیت و
دەتەوێ ئەوانی تر بچوک بکەیتەوە، ئیتر ئەم یەکڕیزیە چۆن لە بەغدا دەکرێت.

* باس لەوە دەکرێت کورد بوەتە کێشە لەبەردەم عادل عەبدولمەهدی بەوەی کورد
داوای بەرکەوتەی هەڵبژاردن دەکات، پەرلەمانتارێکی رەوتی حیکمە بە یەکێک لە
رۆژنامەکانی راگەیاندوە، کورد هاوکار نییە بۆ ئەوەی حکومەتێکی تەکنۆکرات
پێکبهێنرێت؟

بەهار مەحمود: ئێمە وەکو کورد وەفدێکی هاوبەشمان نەبوە گوزارشت لە هەمو
کورد بکات، نازانم کێیە ئەوە پێشنیار کردوە، تەنانەت یەکێتی و پارتیش وەفدی
هاوبەشیان نییە، لە ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەوە هەریەکەیان بەجیا گفتوگۆ
دەکات و هەڵپەی پۆستیانە، وەک لە پۆستی سەرۆک کۆماردا بۆمان دەرکەوت، بۆیە هیچ کەسێک
گوزارشت لە هەمو کورد ناکات.

* کاتێک ئەو پەرلەمانتارەی رەوتی حیکمە دەڵێت کورد مەبەستی ئەوانەیە کە
داوای پۆست دەکەن، لەسەر بنەمای تەکنۆکراتی نا بەڵکو لەسەر بنەمای بەرکەوتەی
هەڵبژاردن؟

بەهار مەحمود: ئێمە وەکو بزوتنەوەی گۆڕان بەرنامەی کابینەی حکومەتمان
بەلاوە گرنگە نەوەک پۆست، کە ئایا بەرنامەکە چی تێدایە بۆ کورد و ئایا ئامادەیە
مافەکانی کورد بەوشێوەی لەدەستوردا چەسپاوە جێبەجێی بکات، بەڵام دو لایەنەکەی تر
بەدوای بەرژەوەندی خۆیاندا دەگەڕێن و دەیانەوێت لە رێی بەرکەوتەی هەڵبژاردنەوە
پۆستی زیاتر بەدەستبهێنن، چونکە رەنگە ئەگەر لە رێگەی تەکنۆکراتییەوە بێت ئەوا
رۆڵیان کەمبێتەوە لە پۆستەکانی بەغدا.

* لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا وا دەردەکەوێت ئەمجارە کورد و سوننە بە جۆرێک
لە جۆرەکان وەلانرابن، ئەوەش بەپێی ئەو دابەشکارییەی باسدەکرێت لەبارەی پۆستە
وەزارییەکانەوە؟

بەهار مەحمود: وەک باسمکرد،  ئەوە
بەشێکە لەو ئاستەنگانەی دێتە بەردەم سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو، بۆ نمونە بەشێک لە
لایەنە عەرەبییەکانیش رازی نابن بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن پۆستیان پێ نەدرێت.
بەڵام پێمان باشە کورد جەخت لەسەر بەرنامە وەزارییەکە بکاتەوەو ئەو مافانەی کورد
کە لە دەستوردا چەسپێنراوە بەرجەستەی بکات، دەبێت شەڕی بەرنامەو خاکی کوردستان
بودجەی خەڵکی کوردستان بکەین نەوەک پۆست. لەهەمانکاتدا دەبێت حکومەتی هەرێمیش
پابەند بێت بە دەستور و پرسەکانی دیکەی وەکو نەوت، چونکە لە پابەندنەبونی حکومەتی
هەرێم و دواتریش حکومەتی ناوەند، خەڵک  فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان باجەکەیان دا،
بۆیە ئێمە وەکو جەخت لەسەر بەرنامە وەزارییەکە دەکەینەوە نەک پۆست.

* ئەو کەسەی راسپێردراوە بۆ پێکهێنانی حکومەت، تائێستا دەستپێشخەریی بۆ هیچ
حیزب و لایەنێک نەکردوە، لەناویاندا کورد، لەم روانگەیەوە بۆچونت سەرکەوتو دەبێت
یاخود رۆڵی کورد چی دەبێت؟

بەهار مەحمود: پێموایە بۆیە دەستپێشخەریی نەکردوە دەیەوێت حکومەتەکەی
جیاواز بێت لەسەر بنەمای سی ڤی و کەسانی لێهاتو بێت، بەڵام ئێستا پرسێکی دیکە
هاتوەتە پێشەوە ئەوەیە کە بە رێژە بێت، واتە رێژەیەک دابنرێت بۆ بەرکەوتەی
هەڵبژاردن و رێژەیەکی دیکە بەپێی سی ڤی و لێهاتویی بێت لە دانانی پۆستە
وەزارییەکان و بۆ هەر پۆستێکیش لانیکەم پێنج کاندید هەبێت.

* تائێستا چ هەنگاوێک نراوە سەبارەت بەو خاڵانەی کە پەیوەندی بە خاک و
خەڵکی کوردستانەوە هەیە؟ ئایا هیچ هەماهەنگییەک هەیە لە نێوان کوتلە کوردییەکان؟

بەهار مەحمود: ئاگاداری دو حیزبەکەی دەسەڵات نیم، بەڵام ئێمە وەک فراکسیۆنی
گۆڕان بەرنامە و پرۆژەمان هەیە بۆ کاکرکردن لەسەر ئەو مافە دەستورییانەو قسەکردن
لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی لەو چوارچێوەیەدا، نەوەک پۆست.

سەبارەت بە هەماهەنگی لایەنە کوردییەکان، تائێستا لیژنەکان دیاری نەکراون
لە ئەنجومەنی نوێنەران، ئەنجومەنیش کاتێک دەکەوێتە سەر سکە، کە حکومەت و لیژنە
هەمیشەییەکانی پەرلەمان پێکبهێنرێن، بەڵام ئەوەی من ئێستا دەیبینم بەداخەوە ئەو
هەماهەنگییە نیە لەنێوان فراکسیۆنە کوردییەکان.

ئێمە وەک فراکسیۆنی گۆڕان ئامادەییمان تێدایە بۆ هەر دەستپێشخەرییەک لەگەڵ
فراکسیۆنە کوردییەکانی تردا کە پەیوەندی بە خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە هەبێت و لە
بەرژەوەندی ئەوان بێت، هەر لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ ئەوەی پەرلەمان کەوتە سەر سکەی
خۆی، وەک فراکسیۆنەکەمان داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت بە مادەی (140) دەکەین.

* سەبارەت بە رۆڵی کورد لە پێکهێنانی حکومەتی عێراق بەتایبەت سەبارەت بە
بزوتنەوەی گۆڕان، ئێوە یەکلابونەتەوە کە ئۆپۆزسیۆن دەبن یاخود لە حکومەتدا بەشدار
دەبن؟ هەنگاوەکانی دواترتان چی دەبێت؟

بەهار مەحمود: ئێمە پێنج کورسی پەرلەمانیمان هەیە و پێموایە بەوەش ناتوانین
ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز دروست بکەین، بەڵام دواجار ئەوە بزوتنەوەی گۆڕانە بڕیار لەسەر
ئەو بابەتە دەدات بۆ بەشداریی کردن لە حکومەت یاخود نەکردنی، بەڵام وەک رای
تایبەتی خۆم پێموایە ئەگەر بە تەنیا ببینە ئۆپۆزسیۆن ئەو کاریگەری و بەهێزییەمان
نابێت، بەڵام ئەگەر لایەنی تر هەبێت ببێتە ئۆپۆزسیۆن ئەوە من پێم باشە کە
ئۆپۆزسیۆن بین.

* لەبارەی خاڵە گومرگییەکانی رێگای کەرکوک، ئێوە وەک فراکسیۆنی گۆڕان
بەهاوکاری هەندێ فراکسیۆنی تر هەوڵتاندا ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت، هەوڵەکانتان بەکوێ
گەیشتوە؟

بەهار مەحمود: ئێمە واژۆی پێویستمان کۆکردەوە بۆ ئەوەی کە دانیشتنێکی
پەرلەمان لەسەر ئەو بابەتە بکرێت، ئەو خاڵە گومرگیانە نەک پێچەوانەی یاسای ژمارە
(23)یە، بەڵکو پێچەوانەی دەستوریشە، چونکە بەپێی مادەی (114) لە دەستوری عێراقی
ئیدارەدانی خاڵە گومرگییەکان دەبێت بە هاوبەش بێت، بەڵام ئەوان یەکلایەنە ئەمەیان
کردوە، جگەلەوەش ئەم بابەتێکە پەیوەندی بە قوتی خەڵکەوە هەیە، چونکە بەهۆی ئەوەوە
نرخی پێداویستی رۆژانە چەند قات زیادیکردوە، ئێمە لەگەڵ لایەنە کوردییەکانی تر ئەم
بابەتەمان لەو لیژنە یاساییە خستوەتەبەر باس کە ئێستا بەشێوەیەکی کاتی پێکهێنراوە
لە پەرلەمان و لە دارشتنی بڕیارەکانی لیژنەکەدا جێگیرمان کردوەو هەرکات هێنرایە
پەرلەمان دەخرێتە دەنگدانەوە.

* هۆکار چییە لەم چرکەساتەدا بەرلەوەی حکومەت پێکبێت خاڵی گومرگی دادەنرێت،
ئایا ئەمەش بۆ ئەوەیە ببێتە خاڵێکی دانوستان لە نێوان هەرێم و بەغدا، یاخود هۆکار
چیە؟

بەهار مەحمود: دورنیە ئەمە خاڵێک بێت بۆ کەمکردنەوەی داواکارییەکانی کورد
لە دانوستانەکاندا، لەبری ئەوەی داوای ئیدارەی هاوبەش بکەین لەو ناوچانە، جارێ
خەریکی داواکاری بین بۆ لابردنی ئەو خاڵە گومرگییانە.

* بە تێڕوانینی ئێوە ئەمجارە پێگەی کورد چۆن دەبێت لە بەغدا؟

بەهار مەحمود: پرسی ریفراندۆم زیانی گەورەی بە دۆزی کورد گەیاندوەو چەندین
هەنگاو پاشەکشەی پێکردوە، هەروەها لایەنی بەرامبەر ئێستا وەک لایەنێکی دۆڕاو
مامەڵە لەگەڵ کورد دەکات و دانوستانی لەگەڵ دەکات، بۆیە بەداخەوە ئەمجارە پێگەی
کورد لاوازترە لەچاو پێشودا، لەلایەکی تر ئەو پەرتەوازەییەی لەهەرێمی کوردستان
هەیە لەنێوان حیزبەکاندا ئەمە رەنگدانەوەی دەبێت لە بەغدا، بەڵام دەکەوێتە سەر
دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لە ناوخۆوە دەست پێبکەن بۆ رێکخستنەوەی ناوماڵی
کوردی و هەروەها تا چەند دەتوانن دەستبەرداری بەرژەوەندییە شەخسییەکانیان بن
لەپێناوی بەدیهێنانی مافە دەستورییەکاندا.

لە یادی (16)ی ئۆکتۆبەردا بزوتنەوەی گۆڕان بەیاننامەیەکی دەرکردو تیایدا
هاتبو، کە کەرکوک بە بڕیارێکی تاکلایەنەی یەکێک لە حیزبەکان بەوجۆرە داگیرکراوە و
کە پەیوەندی بە ریفراندۆمیشەوە هەیە، بەڵام خاڵێک کە جەختی لێکردوەتەوە،
داگیرکردنی کەرکوک و بەکارهێنانی هێز بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێکان پێچەوانەی
دەستورە، ئایا چاوەڕێ دەکەن حکومەت پێکبهێنرێت ئەم دۆسیەیە بجوڵێنرێت یاخود چۆن؟

بەهار مەحمود: بێگومان لە (16)ی ئۆکتۆبەرەوە تا ئەم خولەی پەرلەمان
ماوەیەکی زۆر هەبوە، بێگومان هاوڕێکانمان ئەم دۆسیەیەیان جوڵاندوە ئێمە دەبێت
کارەکانی ئەوان تەواو بکەین، وەک باسمکرد هەردولا بەغدا و هەرێم پێشێلی دەستوریان
کردوە، بەڵام لەهەمو کاتێکدا دەبێت لە دوای پێکهێنانی حکومەت بێت و پێکهێنانی
حکومەتیش هێندە دور نییە، رەنگە هەفتەی داهاتو سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو
کابینەکەی بهێنێتە پەرلەمان، رەنگە لەبەر کاتە دەستورییەکە بەشێکی کابینەکەی
بهێنێتە پەرلەمان چونکە بەشێکی پۆستە وەزارییەکان رەنگە وا بە زویی یەکلا نەبنەوە
بەتایبەت وەزارەتە سیادییەکان، ماوە دەستورییەکەش تا دوی مانگی داهاتوە.


هەواڵی زیاتر