گۆڕان پێداگری لەسەر پشکی کورد دەکات

21/10/2018

وەفدێکی بزوتنەوەی گۆڕان
لەگەڵ سەرۆکی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کۆدەبێتەوەو پێداگری
لەسەر پشکی کورد لە حکومەتی داهاتودا دەکەنەوە.

رۆژی شەممە، وەفدێکی بزوتنەوەی
گۆڕان کە پێکهاتبون لە کاوە محەمەد و د.دەرباز محەمەد لەشاری بەغدا لەگەڵ د.عادل عەبدولمەهدی
راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق کۆبونەوە، وەفدی گۆڕان خۆشحاڵی خۆیان بەدەستنیشانکردنی
ناوبراو دەربڕی و بەو بۆنەیەوە پیرۆزباییان لێکرد و هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواست لەو
ئەرکە قورسەی خراوەتە ئەستۆی.

وەفدەکە  ئەوەیان خستەڕو، چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکەن کە کابینەکەی
سەرکەوتو بێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق بە گشتی و کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا
بەتایبەتی کە خەڵکی هەرێمی کوردستان باجێکی زۆری قوڵبونەوەی ئەو کێشانەیان داوە، بە
تایبەتیش کە راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت کەسایەتییەکی سیاسی خاوەن دیدگایەکی نیشتیمانیە
و پەیوەندییەکی دێرینی لەگەڵ گەلی کورد و سەرکردایەتییەکەی هەبوە، بەتایبەتیش لەگەڵ
رەوانشاد نەوشئروان مستەفا و ئومێدی ئەوەی لێ دەکرێت کە جیاواز لە کابینەکانی پێشو
هەنگاوی جدی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بنێت.

لای خۆشیەوە عادل عەبدولمەهدی
سوپاسی وەفدەکەی بزوتنەوەی گۆڕان و هەڵوێستە نیشتیمانیەکانی کرد و باسی لە پەیوەندی
و هاوخەباتی لەگەڵ کوردو رەوانشاد نەوشیروان مستەفا کردو لەبارەی هەنگاوەکانی پێکهێنانی
حکەمەتیشەوە وردەکارییەکانی بۆ وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان رونکردەوە و رایگەیاند، کە لە
چەند رۆژی داهاتودا کاندیدانی کابینەکەی و بەرنامەی حکومەتەکە دەخاتە بەردەم ئەنجومەنی
نوێنەران.

لەبارەی پێکهاتەی حکومەتەوە،
وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان داوا و پێداگری لەسەر پشکی کورد لەحکومەتدا کردو رایگەیاند؛
پێویستە لەو (22) وەزارەتەی بڕیارە رابگەنرێت، لانیکەم چوار وەزارەت بەر کورد بکەوێت،
چونکە کورد وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی عیراق و بەپێی رێژەی ئەندامانی لە پەرلەمانی عیراق
و لەکابینەکانی پێشوی حکومەتدا، پێویستە لە چوار وەزارەت کەمتری بەر نەکەوێت.

لەبەرامبەردا سەرۆکی
راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت رایگەیاند، کە تا ئێستا ئەوەی پەیوەندی بە پشکی کورد
لە وەزارەتەکانەوە هەیە، بەتەواوی یەکلایی نەکردوەتەوە، لە رۆژانی داهاتودا هەوڵی یەکلاکردنەوەی
دەدات، یاخود پۆستەکانی کورد بە بەتاڵی بەجێدەهێڵێت تا دەگەین بە رێککەوتن.


هەواڵی زیاتر